كورده‌كانی خورماتوو رووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌ و ته‌عریب بوونه‌ته‌وه‌

عەرەبە ھاوردەكان ھەڕەشەی چۆڵكردنی گوندەكانیان لێده‌كه‌ن و زەوییەكانیان داگیردەكه‌ن

K24 - هه‌ولێر:

لە سنووری خورماتوو دوای رووداوەكانی شازدەی ئۆكتۆبەر خێزانە كوردەكان رووبەڕووی ھەڕەشەی ملیشیا چەكدارەكان و سوپای عێراق بوونەتەوە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی لە لایەن عەرەبە ھاوردەكانەوە ھەڕەشەی چۆڵكردنی گوندەكانیان لێدەكرێت و زەوییەكانیان داگیردەكرێت. ئاوارەکانیش دەڵێن، رەوشی ژیان لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان سەختبووە.

ئەو ھاووڵاتییه‌ كوردانه‌ی خورماتوو کە لە شازدەی ئۆکتۆبەرەوە ئاوارە بوون و نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان دەڵێن: "بەھۆی زۆربوونی دیاردەی تەعریب و داگیرکردنی زەوی و زاری کوردەکان ناتوانین بگەڕێنەوە".

نائارامی دۆخی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان و ھەڕەشەی گروپە چەكدارەكان و ھێنانی عەرەبی ھاوردە دۆخەكەی زیاتر لەسەر كورد سەختكردووە. ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان دەڵت: "گرنگە حزبەكان یەكڕیزبن بۆ ئەوەی بە یەك دەنگی رووبەڕووی تەعریب لە ناوچە كوردستانییەكان ببنەوە".

لەدوای ڕووداوەکانی شانزەی ئۆکتۆبەر کورد لەڕووی سەربازی و ئیدارییەوە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان دەسەڵاتی لەدەست داوە. ئه‌و ناوچانەش کەوتوونەتە ژێر دەستی حکومەت و ھێزە ئەمنیەکانی عێراق، ئەوەش بوەتە ھۆکارێك بۆ تەعریب و داگیرکردنی موڵك و زه‌وی و تیرۆرکردنی ھاوڵاتیانی بێتاوانی کوردیشی لەو ناوچەكە لكه‌وتووه‌ته‌وه‌.