بواری سیاسه‌ت داهاتی زۆره به‌ڵام بۆ په‌رله‌مانتارانی سوید وا نییه
K24 - هه‌ولێر:
سوید، كه وڵاتێكی ئه‌سكه‌نده‌ناڤیه، رێبازێكی تایبه‌ت له ده‌ستگرتنه‌وه‌ی بۆ سیاسه‌توانان په‌یڕه‌و ده‌كات، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر بنه‌مایه‌ك كه له‌و بڕوایه‌دایه، نوێنه‌رانی گه‌ل، ئه‌ركی خۆیان جێبه‌جێ ده‌كه‌ن.
هه‌رچی ماف و ئیمتیازاتی په‌رله‌مانتارانه، له بری مووچه‌ی زۆر و پاداشتی جۆراوجۆر، كۆتوبه‌ندی زۆر خراوه‌ته سه‌ریان بۆ چۆنیه‌تی ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی وه‌كو مووچه‌ی مانگانه پێیانده‌درێت، كه ئه‌وه‌ش له‌و باجه ده‌درێت كه خه‌ڵك ده‌یدات.
هاووڵاتی ئاسایی
بیرئارنی هاكانسن، په‌رله‌مانتار له پارتی دیموكراتی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ بی بی سی ده‌ڵێت: "ئێمه هاووڵاتی ئاسایین".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "هیچ مانایه‌كی نییه ئیمتیازاتی تایبه‌ت به په‌رله‌مانتاران بدرێت، چونكه ئێمه نوێنه‌ری هاووڵاتیان و ئه‌و ره‌وشه‌ن كه تێیدا ده‌ژین".
روونیشی ده‌كاته‌وه، ده‌كرێ وا دابنرێت ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی وه‌ری ده‌گرن، له بڕی ئه‌و كاره‌یه كه ده‌یكه‌ن و ده‌توانن له رێگه‌یه‌وه كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئاراسته‌ی ده‌وڵه‌ت درووست بكه‌ن.
په‌رله‌مانتارانی سوید، پێچه‌وانه‌ی زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان، ئۆتۆمبێل و شۆفێری تایبه‌تیان نییه هاتووچۆی پێ بكه‌ن، زیاتر ئۆتۆمبێلی خۆیان یانیش گواستنه‌وه‌ی گشتی به‌كارده‌هێنن، په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته‌ش، ته‌نها سێ ئۆتۆمبێلی جۆری ڤۆلڤۆی هه‌یه بۆ گواستنه‌وه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان و سێ جێگره‌كه‌ی، ئه‌ویش له بۆنه تایبه‌ت و فه‌رمییه‌كاندا.
كرێ
رینیه بۆیدیتك، به‌ڕێوه‌به‌ر له یه‌كێك له به‌شه‌كانی په‌رله‌مانی سوید ده‌ڵێت: "ئیمه له بواری ئۆتۆمبێلی كرێ كارناكه‌ین، ئۆتۆمبێل بۆ گواستنه‌وه‌ی په‌رله‌مانتاران بۆ ماڵ و شوێنی كار به‌رده‌ست نییه".
به گوێره‌ی یاسای په‌یڕه‌وكراویش، له‌و وڵاته تاكه فه‌رمانبه‌ری ده‌وڵه‌ت، كه ئۆتۆمبێلی تایبه‌تی هه‌بێت و به‌رده‌وام به‌رده‌ست بێت، سه‌رۆكوه‌زیرانه.
ئه‌گه‌رچی مووچه‌ی مانگانه‌ی په‌رله‌مانتارانی سوید 6 هه‌زار و نۆ سه‌د دۆلاره، كه ده‌كاته نیوه‌ی ئه‌ندامانی كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا، كه 14 هه‌زار دۆلار وه‌رده‌گرن، له‌كاتێكدا ناوه‌ندی داهاتی تاك له سوید، مانگانه 2 هه‌زار و 800 دۆلاره.
ئابووری كاریگه‌ر
ئێستا ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی ستۆكهۆڵمی پایته‌ختن، به گوێره‌ی رێنماییه‌ك كه "تراكتیمێنت"ی پێده‌ڵێن، بۆ هه‌ر رۆژێكیان 12 دۆلاریان پێده‌درێت، ئه‌وه‌ش ده‌كاته ژه‌مه خواردنێكی هه‌رزانی پایته‌خت.
تا ساڵی 1957یش، په‌رله‌مانتاران له سوید، هیچ بڕه پاره‌یه‌كی مانگانه‌ی له‌و وڵاته نه‌بوو، به‌ڵكو له‌لایه‌ن پارته سیاسییه‌كانه‌وه بۆیان كۆده‌كرایه‌وه.
به گوێره‌ی به‌ڵگه‌نامه‌كانی په‌رله‌مانی سوید، بڕیاری خه‌رجكردنی كرێ بۆ په‌رله‌مانتاران بۆ ئه‌وه‌یه، هیچ كه‌سێك له بری هاتنه ناو سیاسه‌ت، دووچاری گرفت نه‌بێته‌وه، به‌ڵام سویدییه‌كان به گشتی مه‌یلیان به‌لای بڕینه‌وه‌ی مووچه و دیاریكردنی بڕه پاره‌یه‌كی مانگانه بۆ په‌رله‌مانتاران نه‌بووه.
ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی ستۆكهۆڵمن، ده‌توانن له‌و خانووانه نیشته‌جێ بن كه حكوومه‌ت له پێدانی كرێكه‌ی هاوكارییان ده‌كات، به‌ڵام ئه‌وه بۆ په‌رله‌مانتارانی ناوخۆی پایته‌خت نییه.
تاك و خێزانی په‌رله‌مانتاران
شوێنی مانه‌وه و ژیانی په‌رله‌مانتاران، ئه‌و خۆشگوزه‌رانییه به‌رده‌ست ناكات، به‌ڵكو له شوققه‌یه‌كدا ده‌ژین، كه رووبه‌ره‌كه‌ی ته‌نها 46 مه‌تر چوار گۆشه‌یه.
شوققه‌ی له‌وه بچووكتریش بۆ په‌رله‌مانتاران ته‌رخانكراوه، كه رووبه‌ره‌كه‌ی ته‌نها 16 مه‌تر چوارگۆشه‌یه، هیچ ئامێرێكی ئه‌لیكترۆنی و جلشۆریشی تێدا نییه، هێنده‌ی بۆ تاك ده‌شێت به كه‌ڵك خێزان نایه‌ت.
له‌و پاره‌یه‌ی له باجی خه‌ڵكه‌وه بۆ خه‌رجییه‌كان په‌رله‌مانتاران دابین كراوه، ده‌بێت پاره‌ی مانه‌وه‌ی خێزانه‌كانیان بده‌ن له‌و شوققانه‌ی كه له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه بۆیان دابین كراوه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بۆ یه‌ك شه‌ویش بێت، ئه‌گه‌ر هاوبه‌شێكیشی له‌گه‌ڵ بێت، ده‌بێت نیوه‌ی كرێی شوققه‌كه بگه‌ڕێنێته‌وه خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت.
كرێی مانه‌وه
ئانا ئاسبێگرن، به‌رپرس له په‌رله‌مانی سویدی، ده‌ڵێت: "پاره‌ی مانه‌وه‌ی هیچ كه‌سێك ناده‌ین، جگه له ئه‌ندامی په‌رله‌مان له شوققه‌كان".
به گوێره‌ی یاساش، په‌رله‌مانتار بۆی هه‌یه شوققه‌ی دیاریكراو وه‌رنه‌گرێت، له‌بری ئه‌وه مانگانه 820 دۆلار وه‌ربگرێت بۆ به‌كرێگرتنی شوێنێكی دیكه له ستۆكهۆڵم، ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ش به به‌راورد به كرێی خانوو له ناوچه‌یه‌كی گونجاوی پایته‌خت، زۆر كه‌متره.
تا نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردووش، هیچ شوققه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ په‌رله‌مانتاران له‌و وڵاته دابین نه‌ده‌كرا، ناچار ده‌بوون له ئۆفیسه‌كانییان مابانه‌وه، كه هه‌موو رووبه‌ره‌كه‌ی له 15 مه‌تر چوار گۆشه تێپه‌ڕی نه‌ده‌كرد.
جیا له‌مانه‌ی سه‌ره‌وه‌ش، په‌رله‌مانی سوید، پاره‌ی راوێژكار یان ستافی كاری په‌رله‌مانتاران نادات، به‌ڵكو هه‌ر پارتێكی سیاسی پاره‌ی ئه‌و تیمه دابین ده‌كات، كه هاوكاری په‌رله‌مانتاره‌كه ده‌كات.
سه‌رچاوه: BBC
ئ. م