دوو ساڵ بەسەر بڕیاری ئه‌نجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان تێپه‌ڕی

بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم قۆناخێكی دیكەی گرنگی خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان بوو

K24 - هه‌ولێر:

دوو ساڵ بەسەر بڕیاری ئه‌نجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان تێدەپەڕێت، كە هه‌نگاوێكی گرنگ و‌ ده‌ستكه‌وتێكی مێژوویی بوو بۆ گه‌لی كوردستان.

لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆ و لە حوزەیرانی 2017 لە سەڵاحەدین نوێنەرە باڵاكانی پارتە سیاسییەكانی ناو پارلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی سەرۆك بارزانی و جێگری سەرۆكی هەرێمی ئەوكات و سەرۆكی حكوومەت و سەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی كوردستان، ئەو بڕیارە مێژووییە درا.

لەو كۆبوونەوەیەدا ڕۆژی 25ى ئەیلوولی 2017، وەك ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستانی عێراق و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دیاریكرا و سەرجەم پارت و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بە پێكھاتەكانیشەوە رەزامەندییان لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم دەربڕی.

بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم قۆناخێكی دیكەی گرنگی خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان بوو، بە تایبەت كە سەرجەم لایەنەكان پشتگیریی تەواوی خۆیان بۆ پڕۆسەی ریفراندۆم  دووپاتكردەوە و بەڵێنیاندا هەموو تواناكانیان بۆ سەرخستنی ریفراندۆم بخەنەگەڕ.

گرنگی زیاتری بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم لەوەدا دەركەوت، كە نەوەك تەنیا له‌ هه‌رێمی كوردستان، بەڵكو پرۆسەكە ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمیش بگرێتەوە، بڕیارەكەش پشت به‌ستوو بوو به‌ بنه‌ماكانی مافی چاره‌ی خۆنووسین، كه‌ مافێكی دانپێنراوه‌ له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵه‌ی گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، و به‌و پێیه‌ی گه‌لی كوردستان خاوه‌ن هه‌موو تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی خۆیه‌تی له‌رووی خاك و زمان و كولتوور و مێژوو و شوناس، و گشت بنه‌ماكانی پێناساندنی وه‌كو گه‌لێك ھەیە، بۆیه‌ به‌ هه‌موو پێوه‌ره‌كان مافی هه‌یه‌ بڕیار بدات له‌سه‌ر چاره‌نووس وداهاتووی خۆی.

بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم بڕیارێكی دروستی گه‌لی كوردستان بوو، بە تایبەت كە هه‌ر له‌ درووستبوونی ده‌وڵه‌تی عێراق خه‌باتی كردووه‌ بۆ چه‌سپاندنی مافه‌كانی و بۆ پێكه‌وه‌ ژیانێكی ئاشتیيانه‌ له‌گه‌ڵ گه‌لانی دیكەی عێراق و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌نجامی خه‌باتی بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌لی كوردستان، چه‌ندین به‌ڵێن و به‌ڵگه‌نامه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراقه‌وه‌ پێشكه‌ش كراون. به‌ڵام له‌ ئه‌نجامدا هه‌موویان پێشێلكراون و پشتگوێ‌ خراون و وه‌ڵامی داواكارییه‌كان بۆ گه‌یشتن به‌ مافه‌ ره‌واكان به‌ ئاگر و ئاسن دراونه‌ته‌وه‌، و گه‌لی كورد تووشی نه‌هامه‌تی زۆر هاتووه‌ وه‌ك جینۆسایدكردن له‌ژێر ناوی ئه‌نفال و راگواستن و نیشته‌جێكردنی زۆره‌ملێ‌،  خاپووركردنی گوند و ئاواییه‌كان و ژێرخانی ئابووری، و به‌كارهێنانی گازی ژه‌هراوی قه‌ده‌غه‌كراو له‌ دژی خه‌لكی سیڤیل.

ئ. م