چین نهوت لە ئێران ناکڕێت و یۆنان و ئیتاڵیاش وهڵامی پهیوهندى بەرپرسانی ئێران نادهنهوه
K24 - ههولێر:
بێژهن زهنگهنه، وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاند، ئەمریکییەکان لە بواری بەرێوەبڕدنی گەمارۆکاندا، گەیشتوونەتە "شارەزایییەکی شەیتانی" و گوتیشی: "لە مانگی ڕابردوودا چین هیچ نەوتێکی لە ئێران نەکڕیوە و یۆنان و ئیتاڵیاش وهڵامی تەلەفۆنی بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی ئێران نادەنەوە".
سیاسەتی زۆرترین گوشاری لەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە هەناردەی نەوتی ئەم وڵاتە، خەریکە لە پێکانی ئامانجی خۆی نزیکدەبێتەوە.
لەو ڕۆژەدا کە وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا کۆمەڵێك گەمارۆی قورسی خستە سەر کەرتی پێترۆکیمیايی ئێران، وەزیری نەوتی ئێران لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فەرمیی پەرلهمانی وڵاتەکەی رایگەیاند، ئەمریکا لە بواری سەپاندنی گەمارۆدا گەیشتووەتە "پسپۆڕی و شارەزاییەکی شەیتانی".
بیژەن نامدار زەنگەنە بە ئاماژەکردن بەوەی گەمارۆکانی ئەمجارەی ئەمریکا جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ گەمارۆکانی ڕابردوو ههیه، رایگەیاند ئەمریکا دەیەوێ سەرجەم رێگاکانی فرۆشتنی نەوت لە ئێران بگرێت و ئێرانیش هەوڵدەدات رێگای نوێ بۆ فرۆشتنی نەوتەکەی بدۆزێتەوە.
وەک وەزیری نەوتی ئێران ئاشکرای کردووە، لە پاش ئەوەی ئەمریکا مۆڵەتی هەشت وڵاتەکەی بۆ کڕینی نەوتی ئێران درێژ نەکردەوە، چین کە سەرەکیترین کڕیاری نەوتی ئەم وڵاتەیە لە مانگی ڕابردوودا هیچ نەوتێکی لە ئێران نەکڕیوە و ئیتاڵیا و یۆنانیش کە لە ریزی هەشت وڵاتەکەدا بوون، ئێستا وهڵامى تەلەفۆنی بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی ئێران نادەنەوە.
زەنگەنە بە ئاماژە کردن بەوەی ئەمریکا سەرجەم رێگا باوەکانی فرۆشتنی نەوتی لە ئێران گرتووە، وتی: "کاتێك رێگه ئاسایییەکان داخرابن، فرۆشتنی نەوت لە رێگای نائاساییش زۆر زەحمەتتر دەبێت".
پیشتر بەرپرسانی باڵای ئێران جەختیان دەکردەوە کە ئەمریکا بە هيچ شێوەیەک ناتوانێت رێگا لە هەناردەی نەوتی ئیران بگرێت. تەنانەت بودجەی ئەمساڵی ئێران لەسەر بنەمای فرۆشتنی رۆژانە یەك ملیۆن و پێنجسەد هەزار بەرمیل نەوت دارێژراوە و لە کاتێکدا هێشتا سێ مانگ بەسەر دەستپێکی ساڵی ئێرانی و جێبەجێ کردنی بودجەدا تێنەپەڕێوە، هەناردەی نەوت گەیشتووتە کەمتر لە چوارسەد هەزار بەرمیلی ڕۆژانە.
دابەزینی هەناردەی نەوتی ئیران لە کاتێکدایە کە بە پێچەوانەی پێشبینیی بەرپرسانی ئێران، نرخی نەوتیش لە جێی ئەوەی بەرز بێتەوە، دابەزیوە.