"هۆكاره‌كانی سوتاندنی ده‌غڵ و دانی جوتیاران ئاشكرا ده‌كرێت"

زیاتر له‌ 40 هه‌زار دۆنم سووتاوه‌ و 32 حاڵه‌تیان به‌ ئه‌نقه‌ست بووه‌

K24 - هه‌ولێر:

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی به‌رگری شارستانی عێراق هۆكاره‌كانی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ و سووتاندنی ده‌غڵ و دانی جوتیاران ئاشكرا ده‌كات و رایده‌گه‌یێنێت، ژماره‌ی رووداوه‌كانی ئاگر گه‌یشتووه‌ته‌ 272 ئاگركه‌وتنه‌وه‌.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاماژه‌یان به‌وه‌كردووه‌، ئه‌و ئاگرانه‌ی له‌ رێككه‌وتی 8/5/2019 به‌ربووه‌ ده‌غڵ و دانی جوتیاران و گه‌نم و جۆ و پوش و پاوان و ره‌ز و باخی هاووڵاتیانی سووتاندووه‌ له‌ چه‌ند پارێزگایه‌كی عێراق، ژماره‌یه‌كیان به‌ ئه‌نقه‌ست سووتێنراون.

به‌رگری شارستانی ده‌ڵێت: "هۆكاره‌كانی ئاگركه‌وتنه‌وه‌كان به‌مجۆره‌ بووه‌، 35 حاڵه‌تیان به‌ ئه‌نقه‌ست بووه‌، 74 حاڵه‌ت به‌هۆی كێبڵ و وایه‌ری كاره‌باوه‌ بووه‌، 25 حاڵه‌ت به‌هۆی پریشكی ئاگری ده‌ڕاسه‌ بووه‌، 22 حاڵه‌ت به‌هۆی فڕێدانی پاشماوه‌ی جگه‌ره‌ بووه‌، 32 حاڵه‌ت سه‌رچاوه‌ی ده‌ره‌كی بووه‌ و 84 حاڵه‌تیش هێشتا له‌لایه‌ن به‌ڵگه‌ی تاوان دیاری نه‌كراوه‌ هۆكاره‌كانی چی بوون".

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌ "ئه‌و رووبه‌ره‌ی له‌ ماوه‌ی 5/8 تا كاتی ده‌رچوونی ئه‌م به‌یاننامه‌یه‌ سووتاووه‌، زیاتر له‌ 40 هه‌زار دۆنمه‌".

ئاماژه‌یان به‌وه‌شكردووه‌، توانراوه‌ 992 هه‌زار دۆنم زه‌وی كشتوكاڵی له‌ گڕی ئاگر رزگار بكرێت و رێگه‌ نه‌درێت بسووتێن.

ئه‌وه‌ له‌ كاتێكدایه‌ زۆرترین رووبه‌ری ده‌غڵ و دانی جوتیارانی كورد له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان سووتینراون و جوتیارانی كورد پییانوایه‌ عه‌ره‌بی هاورده‌ و شۆڤێنی و توندڕه‌وه‌كان به‌ ئه‌نقه‌ست گه‌نم و جۆ و دانه‌وێڵه‌ و ره‌ز و باخه‌كانیان ده‌سووتێنن بۆ ئه‌وه‌ی خاكی باب وباپیریان چۆڵ بكه‌ن.