بە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە دەغڵودانی شنگال دوو هاووڵاتی گیانیان لە دەستدا
K24 - دهۆك:
لە دەوروبەری کاتژمێر 10ی شەوی شەممە 8ی حوزهیرانی 2019، لە گوندی سۆڵاغ کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی شنگاڵ، ئاگر لە دەغڵودانی جووتیاران بەردرا و پاشان گڕی ئاگرەکە گەیشتە گوندەکانی حاتمیە و کۆچۆ و بە سەدان دۆنم لە دەغڵودانی جووتیاران سووتا و بهو هۆیهوه دوو هاووڵاتی گیانیان لهدهستدا.
پهیامنێری كوردستان 24 له شنگال رایگهیاند، ئهو دوو هاووڵاتییه بهناوهكانی "بارزان عومەر گەبۆ" و "سەعید شیخ سەبری"، نەیانتوانی خۆیان لە ئاگرهكه رزگار بکەن و گیانیان لەدەستدا.
جەمیل سڤووك، بەڕێوەبەری شارەوانی سنوونێ بۆ پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، لە دوای سووتانی دەغڵودانی چەند گوندی رۆژهەڵاتی شنگاڵ، گڕی ئاگرەکە گەیشتە سنووری ناحیەی سنوونی و دەغڵودانی گوندەکانی دهۆڵا و بۆڕەك و گوهبەڵ سووتێندران.
بەڕێوەبەری شارەوانی سنوونێ ئەوەشی ئاشکرا کرد، کە بۆ سێ کاتژمێر ئاگرەکە بەردەوام بوو، هیچ ئامێرێکی ئاگر کوژێنەوەش بەردەست نەبوو، بۆیە بە داخەوە و لە دوای گەیشتنی ئاگر بۆ ناو ماڵەکانی گوندی بۆڕەك، ئهو دوو هاووڵاتییه نەیانتوانی خۆیان دهرباز بكهن و بهو هۆیهوه گیانیان له دهستدا.
لە هەفتەی رابردوودا، سێ جار ئاگر بەربووهته دهغڵودانى ناوچەکانی باشووری شنگاڵ و بە سەدان دۆنم گەنم و جۆی هاووڵاتییانی ئەو دەڤەرە سووتێندراوه.
ئ. م