پێشمه‌رگه‌یه‌كی دیكه‌ی كۆماری كوردستان كۆچی دوایی كرد
K24 - هه‌ولێر:
شه‌وی رابردوو 7/6/2019، حوسێن ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د، ناسراو به (حوسێن ماویلی)، له ته‌مه‌نی هه‌شتا و یه‌ك ساڵی و به هۆی نه‌خۆشییه‌وه، كۆچی دوایی كرد.
حوسێن ماویلی یه‌كێك بوو له‌و كوردانه‌ی باشووری كوردستان، كه له ته‌مه‌نی 20 ساڵییه‌وه بووه‌ته پێشمه‌رگه‌ی كۆماری دیموكراتی كوردستان له مهاباد و له ده‌سته‌ی پاسه‌وانه‌كانی سه‌رۆك كۆمار (قازی محه‌مه‌د) بووه. دوای رووخانی كۆمار، روو ده‌كاته‌وه زێدی خۆی و خه‌ریكی ژیانی ئاسایی ده‌بێت و تا هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی ئه‌یلوول و له‌و كاته‌شه‌وه په‌یوه‌ندیی به شۆڕشه‌وه ده‌كات، یه‌كێك بووه له پێشمه‌رگه ئازاكانی شۆڕشی ئه‌یلوول.
ناوبراو جگه له هه‌ڵوێسته نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی، كه‌سایه‌تیێكی دیاری كۆمه‌ڵایه‌تیی قه‌زای رواندز و ده‌وروبه‌ری بوو.
حوسێن ئه‌حمه‌د، كه هه‌ندێك كه‌س به (حوسێن سورچی)یش ناویان ده‌برد، ساڵی 1926 له بنه‌ماڵه‌یه‌كی نیشتمانپه‌روه‌ر له‌دایك بووه. ماوه‌یه‌كی زۆر له گوندی ماویلیانی سنووری رواندز گیرساوه‌ته‌وه و له سه‌ره‌تای هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردووش ماڵی گواستووه‌ته‌وه قه‌زای رواندز.
حوسێن ماویلی به‌م دواییانه نه‌خۆشیی ته‌نگی پێ هه‌ڵچنی و له‌جێگادا خستی، تا دواجار دره‌نگانی شه‌وی رابردوو، له ماڵه‌كه‌ی خۆی گیانی له ده‌ست دا و له ڕێوڕه‌سمێكی شایسته و به به‌شداریی خه‌ڵكی ناوچه‌كه و به‌رپرسه حزبی و حكوومییه‌كان، ته‌رمه‌كه‌ی له گۆڕستانی گوندی ماویلیان به‌خاك سپێردرا.