"سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عێراق بۆ مه‌راسیمی سوێندخواردنی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بانگهێشتكراون"
K24 - هه‌ولێر:
بۆ رێو‌ڕه‌سمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كه بڕیاره سبه‌ینێ دووشه‌ممه 10/6/2019 له شاری هه‌ولێر به‌ڕێوه‌بچێت، له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تمه‌نده‌وه بانگهێشتنامه ئاراسته‌ی سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عێراق و سه‌رۆكی كوتله‌كانی په‌رله‌مانی عێراق و باڵیۆز و نوێنه‌رانی وڵاتانی بیانی له عێراق كراوه. به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان شاندێكی باڵای یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانیش به‌شداریی رێوڕه‌سمه‌كه ده‌كات.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار به كوردستان 24ـی راگه‌یاند: "هه‌ر یه‌كه له به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراق، عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، محه‌مه‌د حه‌لبوسی، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و سه‌رۆكی كوتله‌كانی ناوپه‌رله‌مانی عێراق، له‌ناویاندا فالح فه‌یاز، هادی عامری، ئوسامه نوجێفی، ئه‌یاد عه‌لاوی و چه‌ندین كه‌سایه‌تی سیاسی عێراقی و بیانی بۆ مه‌راسیمی سوێندخواردنی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بانگهێشت كراون".
هه‌روه‌ها باڵیۆز و نوێنه‌رانی وڵاتانی عه‌ره‌بی و بیانی له‌ناویاندا باڵیۆزه‌كانی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و شانشینی به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا و رووسیا و ئه‌ڵمانیا و ژاپۆن و ئێران بۆ ئه‌و رێوڕه‌سمه بانگ‌كراون.
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "ژماره‌یه‌كی زۆری كه‌سایه‌تییه‌كان ته‌ئكیدیان كردووه‌ته‌وه كه له رێوره‌سمه‌كه‌دا به‌شداریی ده‌كه‌ن، هه‌رچه‌نده هێشتا عادل عه‌بدولمه‌هدی دوا بڕیاری له‌باره‌ی به‌شدارییكردنی نه‌داوه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق نه‌یتوانی ئاماده‌ی رێوڕه‌سمه‌كه ببێت، له‌و حاڵه‌ته‌دا شاندێك به نوێنه‌رایه‌تی خۆی و حكوومه‌تی فیدراڵی ده‌نێرێت و سه‌رۆك كۆماری عێراقیش ئاماده‌ی رێوڕه‌سمه‌كه ده‌بێت".
پاش ئه‌وه‌ی رۆژی 28/5/2019 په‌رله‌مانی كوردستان به 68 ده‌نگ له كۆی 81 ئه‌ندامی به‌شداربووی دانیشتنه‌كه، نێچیرڤان بارزانی وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵبژارد، له هه‌ولێر ئاماده‌كاریی بۆ رێوره‌سمی سوێندخواردنه‌كه كراوه. رۆژی 30/5/2019 په‌رله‌مانی كوردستانیش كارنامه‌ی دانیشتنه‌كه‌ی راگه‌یاند كه تایبه‌ته به سوێندخواردنی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان.
به‌گوێره‌ی نووسراوێكی فه‌رمی كه واژۆی سه‌رۆكی په‌رله‌مان و جێگری سه‌رۆك و سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستانی له‌سه‌ره ئاماژه به‌وه‌كراوه "به‌پێی حوكمی بڕگه‌كانی (یه‌كه‌م، دووه‌م، سێیه‌م) له مادده‌ی 16 و بڕگه‌ی سێسه‌م له مادده‌ی 18 و مادده‌كانی (47،48،52،55،56،57) له په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان، ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان بڕیاریدا به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنی ژماره 7ـی ئاسایی خولی به‌هاره‌ی ساڵی یه‌كه‌م له خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان، كاتژمێر 11ـی پێشنیوه‌ڕۆی رۆژی دووشه‌ممه 10/6/2019 به‌ڕیوه بچێت".
له نوسراوه‌كه‌دا كارنامه‌ی دانیشتنه‌كه به‌م شێوه‌یه روونكراوه‌ته‌وه كه تایبه‌ته به سوێندخواردنی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان.
یه‌كه‌م - رێكاره‌كانی تایبه‌ت به سوێندخواردنی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان - عێراق.
1- ده‌قیقه‌یه‌ك وه‌ستان و رێزنان له گیانی پاكی شه‌هیدانی كوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ سروودی نیشتمانی عێراقی و مارشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌ی ره‌قیب.
دووه‌م- خوێندنه‌وه‌ی بڕیاری ژماره 6ـی ساڵی 2019 تایبه‌ت به هه‌ڵبژاردنی رێزدار نێچیرڤان ئیدریس مسته‌فا بارزانی به سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان - عێراق.
3- سوێندخواردنی به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان (نێچیرڤان ئیدریس مسته‌فا بارزانی).
4- پێشكه‌شكردنی وتاری به‌شێك له ئاماده‌بووان به‌و بۆنه‌یه‌وه.
5- وته‌ی به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان (نێچیرڤان ئیدریس مسته‌فا بارزانی).
دووه‌م، ناونانی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان - عێراق، به‌پێی بڕگه‌ی 3 له مادده‌ی 56 له یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ژماره 1ـی ساڵی 1992ـی هه‌مواركراو.