یادی رۆژە رەشەكەی سلێمانییە
K24 - سلێمانی
گولـلەبارانی خەڵك لە حامیەی سلێمانی لە 9ی حوزەیرانی ساڵی 1963 كە ناسراوە بە رۆژە رەشەكە، لەسەر دەستی فیرقەی یەكی سوپای عێراق و بەسەرپەرشتیی زەعیم سدیقی خوێنڕێژ، نزیكەی 100 لاو و پیاوی سلێمانی زیندەبەچاڵ و بێسەروشوێن كران و هەزارانیش رەوانەی زیندانەكان كران، تەنیا لەبەر ئەوەی ئامادەنەبوون بە ھیچ شێوەیەك قسەی نەشیاو و ناشیرین بە مەلا مستەفا بارزانی بڵێن.
لە نێو پارکی ئازادی کە بە حامیەکەی جاران ناسراوە، شوێنێک دیاریکراوە و پێی دەگوترێت یادەوەری شەھیدانی 9ی حوزەیرانی ساڵی 1963، ئەمانە ناوی بەشێکن لەو کەسانەی کە شەھید کراون، تەنیا لە بەر ئەوەی رەتیان کردبووەوە قسەی نەشیاو بە مەلا مستەفا بارزانی بڵێن. ئازاد عەلی ئەو کات تەمەنی 8 ساڵ بووە و باس لە یادەوەرییەکانی 57 ساڵ لەمەوبەر دەکات، ئەو دەڵێت ئەو کاتە شۆڕشی کورد لە سەرەتادا بوو، له شەڕێکی خوێناویی لە چەمی رێزان، پێشمەرگە گورزێکی کوشندەی لە سوپای عێراق دابوو، ئەوانیش لە تۆڵەی ئەوەدا سزای خەڵکی سلێمانیان دا و داوایان دەکرد قسەی نەشیاو بە مەلا مستەفا بارزانی بڵێن.
دوای دەسەڵاتگرتنە دەست لە لایەن عەبدولسەلام عارف، دەرفەت بۆ ئەوە رەخسا کە ئەو گۆڕە بەکۆمەڵە ھەڵدەنەوە، دەرکەوت نیوەی کوژراوەکان بە بیجامە و بەرگی نوستووەوە بوون، ئازاد عەلی باس لەوەش دەکات کە لە خۆشەویستی مەلا مستەفا بارزانی باوکی منداڵە بچووکەکەیانی ناو ناوە بارزان.
رژێمی لەناوچووی بەعس لە ساڵی 1963 نزیكەی 5 ھەزار کەسی لە خەڵکی شارەکە دەستگیر كرد و 86 کەسی لێ ھەڵبژاردن و زیندەبەچاڵی کردن، تاوانەکەشیان ئەوەبوو پیاوانی رژێم وێنەیەکی مستەفا بارزانیان ھێنابووە پێشیان و داوایان لێکردبوون قسەی نەشیاوی پێ بڵێن، بەڵام ئەوان بە گوێیان نەکردبوون، دەگێڕنەوە کە یەکێک لەو 86 کەسە وا وەڵامی دابونەوە و وتبووی، ھەرکاتێ ئێوە خۆتان سووكایەتیتان بە وێنەی سەرۆک کۆمارەکەتان کرد، ئەو کاتە بیانووتان بە دەستەوە دەبێ داوای شتێکی وا لە ئێمەش بکەن.
ھ.م