رێگری لە راکان جبووری دەکرێت پارەی پتڕۆدۆلار خەرج بکات

"پارەکە بۆ بەرژەوندی خۆی و خزمەکانی خەرج دەکات"

K24 – هه‌ولێر:

دوای رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەخەرجکردنی پارەی پتڕۆدۆلاری کەرکووک، وەزارەتی دارایی و پلاندانان داوای رەزامەندی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەکەن بۆ خەرجکردنی ئەو پارەیە.

راکان جبووری پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووک، لەھەوڵدایە بۆ رازیکردنی بەشێک لە ئەندامانی ئەنجوومەن بۆ ئەوەی پشتگیری بکەن، بەڵام تائێستا نەیتوانیوە ئەو کارە بکات.

لە دواین هەوڵیدا، لە کۆی 15 واژۆی پێویست، راکان جبووری توانی تەنیا ھەشت واژۆی ئەندامانی ئەنجوومەن کۆبکاتەوە.

بەپێی بۆچوونی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، راکان جبووری دەیەوێت پێش جێھێشتنی پۆستەکەی، بودجەی شارەکە بخاتە خزمەتی ھۆز و خزم و کەسووکارەکانی خۆیەوە و ناوچە کوردنشینەکان فەرامۆش بکات، بەڵام بەھۆی نزیکبوونەوەی لایەنە کوردییەکان بۆ دیاریکردنی کاندیدی پۆستی پارێزگاری کەرکووک پێدەچێت نەتوانێت ئەوەی دەیەوێت جێبەجێی بکات.

H.J