سەوزایی سلێمانی لەبەردەم مەترسی وشكبووندایە

"لە مانگی یەكەوە نووسراومان كردووە و وەڵام نەدراوەتەوە"
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

بەهۆى درەنگ ئاودان و نەبوونى باخەوانى پێویست، رووبەری سەوزایی لە شەقام و چەند باخچەكانی سلێمانی لەبەردەم مەترسى وشکبوون دایە، بەرێوەبەرایەتى باخچەکانى سلێمانى داوایان لە سەرۆکی شارەوانی کردووە بودجەیان بۆ زیاد بکەن، چونکە بودجەکەیان کەمە.

هاوژین عوسمان، لێپرسراوى راگەیاندنى باخچەكانی سلێمانی بە كوردستان24ی گوت: "زیاتر لە 565 پارك و باخچە لە سلێمانی ھەن، لەم مانگەوە پێویستە تانكەرمان بۆ بگیرێت بۆ ئاودانی باخچە و پاركەكان، چونكە چیمەنەكان ئەگەر ماوەیەك ئاو نەدرێن زەردە دەبن".

گوتیشی: "لەسەرەتای ھەموو ساڵێك لە رێگەی سەرۆكایەتی شارەوانی نووسراو ئاراستەی وەزارەت دەكەین بۆ دابینكردنی تانكەر، ئەمساڵ تائێستا وەڵاممان نەدراوەتەوە، ئەگەر بۆ مانگی 7 و 8 دوابكەوێت گرفتی زۆرمان بۆ دروست دەبێت".

لەگەڵ هاتنى وەرزى گەرما بەشێک لە سەوزایی لە بلوارەکان و باخچەکانى شارى سلێمانى وشکبوون. کە پاراستن و خزمەتکردن و دابینکردنى تانکەرى ئاو لە ئەستۆى شارەوانى سلێمانیدایە. جێگرى سەرۆکى شارەوانیش هۆکارەکەى دەگەڕێنێتەوە بۆ دواکەوتنى ئەو مامەڵانەى دەکرێت تا بدریێتە کەرتى تایبەت بۆ دابینکردنى تانکەر و کارمەندى پێویست بۆ بوژانەوەى ئەو شوێنانە.

ئاکۆ عەلى، جێگرى سەرۆکى شارەوانى سلێمانى دەڵێ: "تەندەری ئاودانی باخچە و پاركەكان بۆ چەند كۆمپانیایەك دەرچووە، بەڵام بەھۆی رۆتینات دەست بەكاربوونیان دواكەوتووە، لەو بڕوایەدام زیاتر لە 15 رۆژی تریش دوا دەكەوێت، لەم ماوەیەدا بەھاوكاری چەند بەڕێوەبەرایەتییەك شەوانە باخچە و پاركەكان ئاودەدەین تا كۆمپانیاكان دەست بەكار دەبن".

ھ.م