نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی نوێی ئه‌مه‌ریكا جه‌خت له‌پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان ده‌كه‌نه‌وه
K24 - هه‌ولێر:
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ شه‌ممه 15/6/2019 نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ ماتیۆ تولێر باڵیۆزی نوێی ئه‌مه‌ریكا له عێراق و شاندێكی یاوه‌ری كۆبووه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه ستیڤ ڤه‌یگن كۆنسوڵی گشتیی ئه‌مه‌ریكا له هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ی بوو، تولێر وێڕای پیرۆزباییكردن له نێچیرڤان بارزانی به‌بۆنه‌ی وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه، پاڵپشتیی ئه‌مه‌ریكای بۆ هه‌رێمی كوردستان و عێراق دووپات كرده‌وه و په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم و ئه‌مه‌ریكای به‌رز نرخاند.
هاوكات خۆشحاڵیی خۆيشی بۆ هه‌نگاوه‌كانی باشتربوونی په‌یوه‌ندیيه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و پێشكه‌وتنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی.
لای خۆیه‌وه سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پیرۆزبایی له تولێر كرد بۆ وه‌رگرتنی پۆستی باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له عێراق و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواست له كاره‌كانیدا، هه‌موو هاوكارییه‌کی هه‌رێمی كوردستانیشی بۆ سه‌رخستنی كاره‌كانی نیشان دا.
هه‌روه‌ها سوپاسی هاوكارییه‌كانی ئه‌مه‌ریكای له كاته سه‌خته‌كاندا بۆ هه‌رێمی كوردستان و لێكنزیككردنه‌وه‌ی هه‌ولێر و به‌غدا كرد و ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه هه‌نگاوه‌كان بۆ باشتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا به‌رده‌وامییان هه‌یه و جه‌ختی له هاوكارییه‌كانی هاوپه‌یمانان به‌تایبه‌تی ئه‌مه‌ریكا له بواره‌كانی ڕیفۆرم له هه‌رێمی كوردستان و عێراق به‌گشتی كرده‌وه.
له به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پرۆسه‌ی سیاسی له عێراق و هه‌رێمی كوردستان و بارودۆخی ناوچه‌كه به‌گشتی، خرانه به‌ر باس و گفتوگۆ.