پێداچوونەوە به‌ شوێنه‌كانی چارەسەری سروشتی و فرۆشتنی دەرمانی گیایی ده‌كرێت

شوێنه‌كانی تایبه‌ت به‌ چارەسەر و فرۆشتنی دەرمانی گیایی رێك ده‌خرێنه‌وه‌
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

لە سلێمانی پێداچوونەوە بە شێوازی کارکردنی ھەموو ئەو شوێنانە دەکرێت، کە تایبەتن بە چارەسەری سروشتی و فرۆشتنی دەرمانی گیایی، لە رێگەی لیژنەیەکی تایبەتمەندیشەوە چۆنیەتی کارکردنی ئەو شوێنانە بە گوێرەی چەندین مەرج و رێنمایی رێک دەخرێن و ماوەی مانگێکیش مۆڵەت بەو شوێنانە دەدرێت، کە تا ئێستا مۆڵەتی کارکردنیان نییە.

بە ئامانجی رێکخستنەوەی شوێنی فرۆشتنی گیا دەرمانییەكان و چارەسەرە سروشتییەکان، بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی و قایمقامیەتی سلێمانی، سەرنج و پێشنیازەکانیان خستەڕوو، کە لەمەودوا بە گوێرەی رێنمایی و مەرجی تەندروستیی ئەو شوێنانە و ھەموو ئەو کەسانەش کە لەو شوێنانە کار دەکەن، رێگە بە کارکردنیان دەدرێت.

لە بارەی بڕیارەكەوه‌، ھەندێک لە شوێنی دروستکردنی گیادەرمانییەکان خۆشحاڵیی خۆیان دەربڕی، بۆ ئەوەی بتوانن بە چاودێریی وەزارەتی تەندروستی کار بکەن و بە گوێرەی ئەو رێنماییانە پێداویستییە سروشتی و ھەندێک دەرمانیان لە دەرەوە بەدەست بگات. شارەزایەكی بواری رووەكناسیی پێیوایە ئەگەر ئەو شوێنانەی گیادەرمانیان ھەیە رێک بخرێنەوە، ئەوا سوودی زۆری ھەیە بۆ ھاووڵاتیان و دەشڵێت "لە ماوەی 10 مانگی رابردوودا زیاتر لە ھەزار ھاووڵاتی بۆ وەرگرتنی چارەسەری سروشتی، سەردانیان کردوون".

ھ.م