لە پێنج مانگدا 185 كەس لە ھەرێمی كوردستان بە رووداوی ھاتووچۆ گیانیان لە دەست داوە

رووداوەكانی ھاتووچۆ زیادیان كردووە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

رووداوەکانی ھاتووچۆ لە ھەرێمی كوردستان زیادیان كردووە و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش ھۆشداریی دەدەن لە چارەسەرنەکردنی ھۆکارەکانی و رایدەگەیەنن، كە  بەشێكی شۆفێران تۆمەتبارن لە رووداوەکان و بەشێکیشی پەیوەستە بە خراپیی رێگاوبانەکان و تەواوونەبوونی پڕۆژەکانی بە دووسایدکردنی شەقامەکانی نێوان پارێزگاکان.

تا دێت رووداوەكانی ھاتووچۆ زیاد دەبن و ژمارەی قوربانیانی ھاتووچۆش بەرزتر دەبێتەوە و ھۆكارە سەرەكییەكانیش بەشێكی دەگەڕێنەوە بۆ خودی شوفێران و خراپیی رێگاوبانەكان، بەڕێوبەرایەتیی ھاتووچۆی ھەرێمی كوردستان زۆری ڕوداوەکانی ھاتووچۆ بۆ پابەند نەبوونی شۆفێران بە رێنماییەکانەوە دەگێڕێتەوە.

وتەبێژی ھاتووچۆی ھەرێمی كوردستان باس لەوە دەکات، كه‌ ھەرچەندە بەشێک لە رێگاوبانەکان وەک پێویست نین، بەڵام بەشێکی زۆر لە شۆفێران بە مەرجەکانی سەلامەتیی ھاتوچۆوە پابەند نابن.

ئەسعەد كەریم، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ھاتوچۆی ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند: "ھۆشیاریی بەشێكی شۆفێران لە بارەی ھاتووچۆوە لە ئاستێكی نزم دایە و پابەند نابن بە رێنماییەكانی ھاتووچۆ".

گوتیشی: "بەپێی ئامارەكان، لە ماوەی چوار مانگی ئەمساڵدا زیاتر لە 700 ھەزار سەرپێچی كراوە، بەمەش بەراورد بە چوار مانگی ساڵی رابردوو، سەرپێچییەكان زۆر زیادیان كردووە، كە لە چوار مانگی ساڵی رابردوو 500 ھەزار سەرپێچی كراوە، كە ئەمساڵ 200 ھەزار سەرپێچی زیادی كردووە".

پێش قەیرانی دارایی، حكوومەتی ھەرێم لە پلانیدا بوو سەرجەم رێگاکانی ھەرێمی كوردستان بە جووت ساید بکرێن، بەتایبەت رێگای نێوان پارێزگاکان، ھەرچەند بەشێکیشیان کەوتنە بواری جێبەجێکردن، بەڵام بە ھۆی قەیرانی داراییەوە پڕۆژەكان راگیران.

ھونەر نووری، بەڕێوبەری گشتیی رێگاوبانی ھەولێر دەڵێ "بەشێک لە رێگاکان بوون بە رێگای مەرگ، ئومێدەوارین کابینەی نوێ کاری ھەرە لە پێشینەی خستنەوەکاری ئەو پڕۆژانە بێت کە راگیراون".

بە گوێرەی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ھاتووچۆی ھەرێمی كوردستان لە ماوەی پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ھەزار و 750  رووداوی ھاتووچۆ روویان داوە، لەو ژمارەیەش 185 کەس گیانیان لە دەست داوە و 2 ھەزار و 150 كەسیش بریندار بوونە.

ھ.م