ناسنامه‌ به‌ ئاواره‌كانی عێراق ده‌درێته‌وه‌

به‌شێكی ئاواره‌كان كێشه‌ی به‌ڵگه‌نامه‌ فه‌رمییه‌كانیان هه‌یه‌
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

لە کەمپەکانی خازر شاندێکی حکوومەتی عێراق کە پێکهاتبوون لە چەندین ئەفسەر لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوی خێرخوازی بارزانی و چەندین رێکخراوی دیکەی نەتەوە یەکگرتووەکان،  دەستیان بە پرۆسەی دەرکردنی ناسنامە و پێناسی کەسی بۆ ئەو ئاوارانە کرد، کە بەهۆی شەڕ و ناخۆشییەکانەوە بەڵگەنامە فەرمییەکانیان لەدەستداوە.

ئاوارەیەک دەڵێ "بێ ناسنامەیی واتە بێبەشبوون لە مرۆڤبوون و هەموو هاوکاریی و مافێک کە گرینگترینیان مافی خوێندنە بۆ منداڵان".

هاوشێوەی هەزاران ئاوارەی دیکە سەلما لە چاوەڕوانی ئەوەدایە دوو بارە ببێتەوە خاوەن رەگەزنامە و پێناسی باری شارستانی ئەو کە  دوو منداڵی هەیە و هاوسەرەکەی لەدەستداوە نایشارێتەوە، بێ رەگەزنامە هیچ مافێکی نەبووە.

سەلما ئیدریس، یەكێكە لە ئاوارەكانی مووسڵ بە كوردستان24ی گوت: "من خەڵکی لای راستی مووسڵم، ماڵەکەمان وێران بوو، بێ ناسنامە ماینەوە، تەنها ناسنامەیەکی کۆپی خۆم مابوو، ئەوانی دی هەموو دێکومێنتەکانمان لەدەستدا. بێ ناسنامەیی زۆر ناخۆشە، چونکە منداڵەکانم لە خوێندن بێبەش بوون، هیچ هاوکارییەکمان بەدەست نەگەیشت و کەس لای لێنەدەکردینەوە. نەشمان دەتوانی بچینەوە مووسڵ ناسنامە دەربکەین چونکە دەرامەتمان نەبوو".

بەپێی رێسا نێودەوڵەتییەکان رێکخراوە مرۆییەکانی ژێر چەتری نەتەوە یەکگرتووەکان زیاتر هاوکاری پێشکەش بەو ئاوارە ناوخۆییانە دەکەن کە خاوەنی بەڵگەنامەن و دەتوانن بیسەلمێنن خەڵکی ئەو وڵاتەن، ئەمە وایکردووە بەشیک لە ئاوارەکان لەبێ ناسنامەییدا هەست بە مرۆڤ بوون نەکەن.

عەمار عادل، یەكێكی دیكە لەو ئاوارانەی كە بێ ناسنامە بووە و دەڵێ: "ئێمە وەک ئەوە وابووین مرۆڤ نەبین، کەس ناتوانێ بەو شیوەیە بژی، هیچ هاوکارییەکمان نەدەکرا، منداڵەکانمان دوو ساڵ خوێندنیان بەفیڕۆچوو، نەماندەتوانی لە کەمپ بچینە دەرەوە، چونکە هیچ بازگەیەک رێگەی نەدەدا کەسی بێ ناسنامە دەرباز ببێ نە بازگەکانی کوردستان و نە هی عێراق".

ئێستا لە عێراق زیاتر یەک ملیۆن و 700 هەزار ئاوارە هەن، لە نێویاندا 870 هەزار کەسیان منداڵن، نەبوونی ناسنامەش بووەتە کێشەی گەورە بۆ ئەو ئاوارانە، چونکە ئەوان بەهۆی بێ بەڵگەنامەییەوە لە هەموو مافەکانی هاوڵاتیبوون بێبەشن.

ھ.م