پیاوێك لە سلێمانی 21 ساڵە دەست و قاچ دروست دەكات

"ئەوكاتەی منداڵانەی بۆ دروستكردنی دەست و قاچ سەردانم دەكەن ئازار دەچێژم"
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

شادومان مورادخان، 21 ساڵە لە سلێمانی ده‌ست و قاچی دەستکرد بۆ ئه‌و کەسانه‌ دروست دەکا، کە بەھۆی جەنگ و رووداوەکان بوونه‌ته‌ خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت، جیا له‌ ناوه‌كه‌ی، ئه‌و به‌ كاره‌كه‌شی هه‌ر شادومان و دڵخۆشە، چونكه‌ به‌م کارەی بزه‌ دەخاتە‌ سه‌ر لێوی کەسانێک کە ھیوا و ئاواتیان بۆ ژیان زۆرە.

شادومان، دەیەوێ بە دروستکردنی دەست و قاچ، ھیوا بۆ کەسێک بگەڕێنێتەوە کە جەنگ و رووداوە جۆراو جۆرەکان لێی وەرگرتوون. وەك خۆی باسی دەكات، لانیکەم نزیكەی کاتژمێری پێویستە، تا بتوانێ دەستێك یان قاچێکی رێک دروست بکات.

كاره‌كه‌ی شادمان هێنده‌ وردبینی پێویسته‌ تەنانەت كاتی بۆ گفتوگۆی له‌گه‌ڵ ھاوڕێکانیشی نەھێشتووە.

جەنگ تەنیا گەورەکانی بێ دەست و قاچ نەکردووە، به‌ڵكو رۆژ نییە منداڵێک یان دوان شادومان نەیان بینێ، بۆ ئەوەی ھێز بخاتە بەر ئەو دەست و قاچانەی کە لەدەستیانداوە.

شادومان، بە كوردستان24ی گوت: "ئەوەی كە ئازارم دەدات لە كارەلەم ئەوەیە كە منداڵێك دێتە لام و دەست و قاچی لەدەستداوە".

21 ساڵە بێ دابڕان زیاد لە ھەزار و 500 ده‌ست و قاچی بۆ کەسانێک دروستکردووە، كه‌ كاته‌كانی رۆژانه‌یان بە سەختی بەسەریان گوزەری کردووە، بۆیه‌ بڕوای وایه‌ بزە خستنە سەر لێوی چارەسەرکردنی ھەر کەسێک بەسە بۆئه‌وه‌ی لەکارەکەی بەردەوامبێت.

ھ.م