دەنگ بۆ تەواو كردنی پێكھاتەی حكوومەتی عێراق دەدرێت

ئەمڕۆ په‌رله‌مانی عێراق كۆده‌بێته‌وه‌
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق كۆدەبێتەوە و بڕگەی دەنگدان لەسەر تەواوکردنی پێکهاتەی حکوومەت خراوەتە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.

بەگوێرەی كارنامەی كۆبوونەوەكە، یەکەم بڕگەی دانیشتنەکە، دەنگدانە لەسەر ناوی کاندیدانی وەزارەتە متمانە پێنەدراوەکانی حکوومەت، کە بریتین لە، بەرگری، ناوخۆ، داد و پەروەردە.

ئەمەش دوای زیادبوونی فشارەکانی سەر عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بۆ تەواوکردنی پێکهاتەکەی کابینەکەی.

لە چەند رۆژی رابردوودا فشارەکانی سەر عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق زیادیان کردووە، بۆ تەواوکردنی پێکهاتەکەی کابینەکەی. بەتایبەت کە هاوپەیمانی سائیرون و خودی موقتەدا سەدر، کە بەهێزترین پاڵپشتیکاری ئەم حکومەتەن، مۆڵەتی 10 رۆژییان دابووە عەبدولمەهدی، بۆ تەواوکردنی پێکهاتەی کابینەکەی.

ئەمە لە کاتێکدایە، تا ئێستا ناکۆکی کوتلە سیاسییەکان لەسەر ناوی کاندیدان بەردەوامە، شیعەکان لەسەر ناوی کاندیدی وەزارەتی ناوخۆ هاوڕانین، سوننەکانیش لەسەر ناوی کاندیدانی هەردوو وەزارەتی بەرگری و پەروەردە ناکۆکییان هەیە و کوردیش لە سەر ناوێک بۆ وەزارەتی داد یەکلانەبووەتەوە، بەڵام پێدەچێت دەستەڵات درابێتە سەرۆک وەزیران بۆ هەڵبژاردنی کاندیدان بۆ ئەو چوار وەزارەتەی ماون، دواجار بابەتی پەسندکردنیان لەدەست ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دایە.

ھ.م