هاوینه‌هه‌وارێكی كوردستان چوار وه‌رزی ساڵ به‌فری لێنابڕێت

كوێستانی پرژە لە دەڤەری باڵەكایەتی سەدان گەشتیار كۆدەكاتەوە
kurdistan24.net

K24 - سۆران:

کوێستانی پڕژە لە دەڤەری باڵەکایەتی، یەکێکە لەو ھاوینەھەوارانەی چوار وەرزی ساڵ بەفری لێدەمێنیت و ناتوێتەوە، لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما ئەو شوێنە کەشێکی ساردی ھەیە،  بۆیە گەشتیاری زۆر رووی تێدەکات و زۆربەی کاتەکانیش جگە لەمنداڵان گەورەکانیش خۆیان بەیاریکردن بە بەفر و بەتایبەت خلیسکانێ سەرقاڵ دەکەن، بەڵام بێ مەترسی نیيە.

سەرەتای ھاوینە و ھێشتا له‌ پرژه‌ زستان سێبەری لەسەر خاکدا ماوە، کوێستان و ھاوینەھەواری پڕژێ لە قەدپاڵی شاخی حەساری سەکرانی ‌دەڤەری باڵەکاتی، بەفر رووبارێکی بەخوڕ و تەزێنەری درووست کردووە.

ھەموو ئۆتۆمۆبێلێکی ‌گەشتیاران ناتوانێت لە رووبارەكه‌ تێپەڕێ، ناچار بەشێکیان پێدەخەنە ئاوە تەزێنەرەکە و بەرەو گەیشتن بەبەفر ھەڵدەکشێن.

گەشتیاری گەرمەسێر لێرە زۆرتر دەبیندرێن، لەوێ  گەرمی نزیکبووه‌تەوە لە 50 پلەی سیلیزی، لێرە لە ژێر20ـە، ھەندێکیان جاری یەکەمە ھاتوون، بۆیە چێژی زۆرتردەبینن.

سەرکێشی خلیسکێنە ‌دەکەن، منداڵان ھێندەی جەژنێك دڵخۆش دەبیندرێن، ھەندێکیان بەفر لەگەڵ خۆیان دەبەنەوه‌، ھەندێکیش وێنەی لەگەڵ دەگرن و سەرگەرمی یارین.

دوو کاتژمێر بەر لەخۆرئاوابوون پلەکانی گەرمی بەجۆرێك دادەبەزن  نزیک دەبنەوە لەژێر سفر و گەشتیاران ناتوانن لێرە بمێننەوە چونکە بەفر لەھەندێك شوێنی ئێرە بەئەندازەی شەش مەتر لەسەریەک کەڵەکە بووە، بەشێک لەگەشتیارانیش لە لێواری بەفراوەکە واریان داناوە و شەویش لە نزماییەکان دەمێننەوە.

ئ. م