هیچ بڕیارێك بۆ زیادكردنی وه‌رگرتنی گه‌نمی جووتیارانی هه‌رێمی كوردستان نه‌دراوه‌

جووتيارێك: یه‌ك مانگه‌ به‌ واسته‌شه‌وه‌ نه‌مانتوانیوه‌ وه‌زیری كشتوكاڵ ببینین
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

هیچ بڕیارێك بۆ زیادکردنی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان نەدراوە، سەرۆکی یەکێتی جووتیاران ئاشکرای دەکات بەپێى ئەو بڕیارەی بەغدا، حکوومەتی عێراق نزیکەی 700 هەزار تەن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرناگرێت.

دەشڵێت: "بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە ماوەی مانگێک بە واستەش نەمان توانی وەزیری کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ببینین".

جووتیاران لە قۆناخی رادەستکردن و فرۆشتنی گەنمەکانیانن بە حکوومەتی عێراق، سایلۆکان ئەو بڕە گەنمە وەردەگرن کە حکوومەتی عێراق بۆ هەرێمی کوردستانی دیاری کردووە. بەپێى ئەو بڕیارەی حکوومەتی عێراق بێت، رێژەی وەرگیراوی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەکاتە ئەو رێژەیەی لە یەکێك لە قەزاکانی سەر بە پارێزگایەکی باشووری عێراق وەردەگیرێت.

سەرۆکی یەکێتی جووتیارانی کوردستان دەڵێت: "بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە ماوەی مانگێك لە هەوڵی بینینی وەزیری کشتوکاڵی بەوەکالەتی  حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووین بە واستەشەوە نەمانتوانی بیبینین".

حکوومەتی عێراق بڕیاری داوە ئەمساڵ 340 هەزار تەن گەنمی جووتیاران وەربگرێت. لە کاتێکدا بەهۆی زۆری باران بارینەوە بەرهەمی گەنمی جووتیاران سێ هێندە دەبێت.

جووتیارانی کوردستان ناچارن گەنمەکانیان لە رێگەی بازرگانەکانەوە بە نرخێکی کەمتر بفرۆشن ئەندامێکی لێژنەی کشتوکاڵ دەڵێت: "داوامان لە حکوومەتی عێراق کردووە، بەڵام هێشتا وەڵام نەدراوەتەوە".

بەپێى نووسراوێك، حکوومەتی عێراق پلانی وەرگرتی گەنمی جووتیارانی داناوە، لەو پلانەش ناوی هیچ پارێزگایەکی هەرێمی کوردستانی تێدا نیيە.

بەپێى پێشبینیيەکان، بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی هەرێمی کوردستان دەگاتە نزيكه‌ی یه‌ك ملیۆن ته‌ن، بەهۆی بڕیارێکی حکوومەتی عێراقیشەوە جووتیاران گەنمەکانیان لە رێگەی بازرگانەکانەوە بە نرخێكى کەمتر دەفرۆشن.

ئ. م