دەستدرێژی دەكرێتە سەر كچێكی 7 ساڵە و ھەڕەشە لەباوكیشی دەكرێت

داوای بەھاناوەچوون دەكات

K24 - ھەولێر

باوكی منداڵێك كە پارساڵ لەلایەن چەند كەسێك لە ھەولێر دەستدرێژی كراوەتە سەر كچە 7 ساڵیەكەی رایدەگەیەنێت، ئەو كەسانەی دەستدرێژیان كردووەتە سەر كچەكەی ئازاد كراون و ھەڕەشەی لێكراوە سكاڵاكەی لە دادگا بكێشێتەوە. ئەنجوومەنی دادوەریش ئاشكرای دەكات كە تاوانبارەكان دەستگیر كراونەتەوە و لێكۆڵینەوە دەكرێت.

لوقمان ئیسماعیل، باوكی ئەو كچەی دەستدرێژی كراوەتەسەر لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لەبەردەم ئەنجوومەنی دادوەری ھەرێمی كوردستان لە ھەولێر رایگەیاند: "داوا دەكەم ئەو تۆمەتبارانە دەستگیر بكرێن لە مافی مرۆڤ سكاڵام تۆمار كردووە كە پۆلیسی عەدالە وازمان لێ ناھێنێ، چەندین جار چوونەتە سەر ماڵمان كە سكاڵاكە بكێشینەوە، چەند بەرپرسێك لە پشت ئەو بابەتەن، عەقید و عەمیدی پۆلیس لەناو بابەتەكەن و بەرپرسی پلە بەرزتریش لە پشت ئەوانە".

ئاماژەی بەوەشكرد: "رۆژێك تەلەفۆنم بۆكرا لەلایەن كەسێكەوە پێی گوتم سكاڵا تۆمار نەكەیت، چونكە ئەوان دەستگیریش بكرێن ئازاد دەكرێن، قسەكەشی ھاتەدی. بە منی وت لەو بابەتە بكشێیتەوە باشترە، منیش گوتم روحم لەسەری دابنێم ناكشێمەوە، كچەكەم ئەشكەنجەدراوە، تاوانبارەكانیش دانیان بە تاوانەكەدا ناوە، ئێستا چۆن دەبێ بە زۆر ئێمە بڵێین ئەوان ئەو تاوانەیان ئەنجام نەداوە؟، داوا لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و دەسەڵاتی دادوەری دەكەم بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ تاوانبارەكاندا بكرێت".

باوكی كچەكە ئەوەشی خستەڕوو: "بەڕێوەبەری قوتابخانەكە دەڵێ، جگە لە كچەكەی تۆ ئەو كەسانە دەستدرێژیان كردووەتە سەر چەند منداڵێكی دیكە و پۆلیسمان ئاگادار كردووەتەوە، بەڵام وەڵاممان نەدراوەتەوە".

شەهرام میر حاج، وتەبێژی ئەنجوومەنی دادوەری ھەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسی ئاشكرای كرد: "تاوانبارەكان دەستگیر كراونەتەوە و لێكۆڵینەوەی زیاتر لەو بابەتە دەكرێت".

ھ.م