پۆستە بەتاڵەكانی كابینەی عادل عەبدولمەھدی پڕ دەكرێنەوە

پەرلەمانی عێراق كۆدەبێتەوە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگ لەسەر تەواوكردنی پێكھاتەی حكوومەت دەدات.

بەگوێرەی بەرنامەی كاری كۆبوونەوەكە كە دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاویكردووەتەوە، بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمان كۆببێتەوە و یەكەم بڕگەش، دەنگدانە لەسەر ئەو ناوانەی بۆ وەزارەتەكانی ناوخۆ و بەرگری پێشكەشكراون، بە مەبەستی تەواوكردنی پێكھاتەی كابینەكەی عادل عەبدولمەھدی.

سەرچاوەیەک لە پەرلەمانی عێراق بە میدیاکانی راگەیاندووە، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی ناوی هەریەک لە لیوا نەجاح عادلی، بۆ پۆستی وەزیری بەرگری، فەریق یاسین یاسری بۆ پۆستی وەزیری ناوخۆ و سەفانە حەمدانی بۆ پۆستی وەزیری پەروەردە و فاروق ئەمین شوانی، رادەستی سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە.

ئاماژەی بەوەشداوە، لایەنەکان رێککەوتوون لەسەر ئەوەی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان پرسی تەواوکردنی کابینەی حکومەت کۆتایی پێبێت.

ھەروەھا بڕیارە لە كۆبوونەوەكەدا بڕیارە دەنگ لەسەر ھەمواری یاسای دەستبەسەرداگرتن و گلدانەوە بدرێت، ھەروەھا خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای ئازادی بیروڕا و پڕۆژەیاسای ئۆلۆمپی نیشتمانی دەكرێت. جگە لەوانەش، گفتوگۆكردن لەسەر پڕۆژەیاسای دادگای فیدڕاڵی تەواو دەكرێت.

عامر فایز، پەرلەمانتاری هاوپەیمانێتی فەتح رایگەیاند: "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا ناوی تەواوی وەزارەتەکان پێشکەش بە پەرلەمان دەکرێت. ناوی هەندێک لە کاندیدەکان بەپێی رێککەوتنی لایەنەکان گۆڕانکاری بەسەر دێت".

ئەمەش لەكاتێكدایە ھێشتا وەزارەتەکانی ناوخۆ، بەرگری، داد و پەروەردە لە بەغدا بێ وەزیرن، چەند جارێکیش پەرلەمان بۆ یەکلا کردنەوەی ناوی کاندیدەکان هەوڵی کۆبوونەوەی داوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکی لایەنەکان شکستی هێناوە.

ھ.م