دووەمی سەر ئاستی ھەرێمی كوردستان لە پۆلی 9ی بنەڕەتی نھێنی سەركەوتنی دەگێڕێتەوە

كۆ نمره‌ی كه‌ژ 99.7ە
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

کوردستان24 خوێندکارێکی سەرکەوتووی ھەرێمی کوردستان بەسەر دەکاتەوە کە لە قۆناخی 9ی بنەڕەتی بووەو لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان پلەی دووەمی بەدەستھێناوە، ئەو خوێندکارە باس لە ئەزموونی خۆی دەکات و خانەوادەکەشی دڵخۆشن بەوەی رۆڵەکەیان لە قۆناخێکی ژیانیدا سەرکەوتنی بەدەست ھێناوە.

لەنێو ھەزاران خوێندکاردا سەرکەوتوو بووە، ئێستا بووەتە جێگای شانازی کەسوکاری و مامۆستاکانی، کەژ بەرزان لە دایکبووی ساڵی 2004 و دانیشتووی پارێزگای سلێمانییە، بە بەدەستھێنانی نمرەی99.7  توانی ببێتە دووەمی ھەرێمی کوردستان بۆ پۆلی 9ی بنەڕەتی. کەژ دەڵێت ئێستا ھەستێکی زۆر خۆشی ھەیە و پلانیشی ئەوەیە قۆناخەکانی دیکەی خوێندنی بە سەرکەوتووی و بە نمرەی بەرز ببڕێت.

كەژ بە كوردستان24ی گوت: "ھەست دەكەم شتێكی قوڕس تەواو بوو، ئێستا حەماسی پۆلی 12 گرتوومی، ھیوادارم بەو ئاستە قۆناخەكانی دیكەی خوێندن ببڕم".

كەژ، سوپاسی كەسوکار و مامۆستاکانی دەکات کە لەم سەرکەوتنەدا ھاوبەشیان کردووەو بەشێکی سەرکەوتنەکەی بۆ ھاوکاری پاڵپشتی ئەوان دەگەڕێنێتەوە. باسیش لەوە دەکات کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نەبووەتە رێگر لەبەردەم خوێندنەکەیداو زۆر کاتی لێنەگرتووە، چونکە وەک خۆی دەڵێت "بە دروستی و بۆ شتی بەسود بەکاری ھێناوە.

ھ.م