ئاگر یه‌خه‌ی عێراقییه‌كان به‌رنادات

سووتانی سه‌دان تۆن گۆگردی میشراق زیانی گیانی و ماددی و ژینگه‌یی لێكه‌وته‌وه‌

k24 - هه‌ولێر:

بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە کارگەی گۆگردی میشراق لە باشووری موسڵ، زیانێکی گەورەی به‌دواوه‌ بووه‌ و سەدان تۆن گۆگرد سووتاوه‌ و خەڵکی گوندەکانی دەرووبەری کارگەکەش ئاوارە بوون، جیا لە تیمەکانی بەرگری شارستانی موسڵ، لە هەولێر و دهۆکیشەوە، تیمەکان رەوانە کران، بەهۆی وەرگەڕانی یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکانی بەرگری شارستانیشەوە، کارمەندێک گیانی لەدەستدا.

ئەمساڵ ئاگر بەڵایەکی دیکەبوو تووشی عێراقییەکان بەتایبەت جوتیاران هات، جیا لە سووتانی دەیان هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی، ئەمجارەیان ئاگر، گەیشتە کارگەی گۆگردی میشراق لە باشووری موسڵ.

کاتێک ئاگر لە گوندێکی نزیک لە کارگەکە کەوتەوە، گەرما و بەهێزی باو وایکرد ئاگرەکە بگاتە کارگەکە و سەدان تۆن گۆگرد بسووتێت.

سەبحان خزر، کارمەندی کارگەی گۆگردی میشراق ده‌ڵێت: "نزیکەی دەورووبەری کاتژمێر ١٢، ئاگرێک لە دەرەوەی کارگەی گۆگردی میشراق کەوتەوە، بەرەو گوندەکانی رەسیف و هەرارە سەربە شارەدێ شۆرە هات، دواتر ئاگرەکە گەیشتە ناوەوەی کارگە، بەهۆی گەرما و توندی باوە، ئاگرەکە گەیشتە بیرەکانی گۆگرد".

دوای ئەوەی ئاگرەکە پەرەدەسێنێت، تیمەکانی بەرگری شارستانی موسڵ و تەنانەت لە هەولێر و دهۆکیشەوە دەگەنە شوێنەکە، بەڵام بەهۆی چاڵ و چۆڵی و سەختی رێگاکەوە، ئۆتۆمبێلێکیان وەردەگەڕێت و کارمەندێک گیان لەدەستدەدات و چەند کەسێکیش بریندار و تووشی هەناسە تەنگی دەبن، ئەمە جیا لە ئاوارەبوونی خەڵکی گوندەکانی دەرووبەری کارگەکە.

محەمەد جبوری، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ده‌ڵێت: "ناوچەکە سەختە یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکانی بەرگریی شارستانی وەرگەڕا و کارمەندێک گیانی لەدەستدا و برینداریش هەیە و هەندێک کەس تووشی هەناسە تەنگی بوون، خەڵکی هەندێک لە گوندەکانی دەرووبەریش ئاوارەبوون".

پێشتریش لە ساڵی 2016، وەک هەوڵێک بۆ رێگری لە پێشڕەوەی هێزەکانی عێراق، چەکدارانی داعش، کارگەی گۆگردی میشراقییان ئاگر تێبەردا، بەهۆی ئاگرەکەی ئەمجارەشەوە، باری نائاسایی لە پارێزگای نەینەوا راگەیەنراوە.