بەحرەین باڵیۆزەکەی لە عێراق بانگهێشت دەکات
K24 – ههولێر:
دوای رووداوی هەڵکوتانە سەر باڵیۆزخانەکەیان، بەحرەین باڵیۆزی وڵاتەکەی لە عێراق، بانگهێشت کردەوە.
دوای ئەوەی ژمارەیەک خۆپیشاندەر لە شاری بەغدا، هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی بەحرەین، مەنامەی پایتەخت بڕیاریدا باڵیۆزی وڵاتەکەی بانگهێشت بکاتەوە و داواشی لە حکومەتی عێراق کرد، کارمەندانی باڵیۆزخانەکە بپارێزێت.
لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی عێراق، سەرکۆنەی رووداوەکەی کرد و ٥٤ کەسیش دەستگیرکران، نوسینگەی سەرۆک وەزیرانیش، روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا نیگەرانی خۆی لەو رووداوە دەربڕیووە و جەختی لەسەر پاراستنی نێردە دیبلوماتییەکان کردووەتەوە.
خۆپیشاندەران دژی سیمینارەی مەنامە بوون، لەبارەی هێنانەدی ئاشتی و بوژانەوەی ئابووری ناوچە فەڵەستینییەکان، کە تیایدا نوێنەرانی حکوومەتی ئیسرائیلیش ئامادەی بوون.
H.J