كۆمپانیا نهوتییهكان: ھەرێمی کوردستان سەقامگیرتره له چاو باشوور و ناوەڕاستی عێراق
K24 - لهندهن:
لە رۆژی دووەمی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی نەوت و گازی ھەرێمی کوردستان و عێراق لە لەندەن، سەرجەم پانێڵەکان و گفتوگۆکان تەرخان کرابوون بۆ پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا لە بواری نەوتدا.
نوێنەرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراق و دیبلۆماتکارانی بەریتانیا و کۆمپانیا نەوتییەکان لە لەندەن، کۆبونەوەتەوە و دەیانەوێت پێکەوە رێگەچارەیەك بدۆزنەوە بۆ کێشە و گرفتەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا.
شارەزایەکی بواری وزە و بەشداربووی کۆنفرانسەکە دەڵێیت: "رۆژی دووەمی کۆنفرانسی ئومێدبەخشە بۆ ئەوەی ببێتە کلیلی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق بەتایبەت لەبواری نەوتدا".
نوێنەری کۆمپانیایەکی بواری نەوتیش رایدەگەیەنێت، ئەگەر پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا باش بێت، ئەوانیش وەکو کۆمپانیاکانی بواری نەوت بەرھەمھێنان و خزمەتگوزاری باشتر دەکەن.
سالار ئەحمەد، بەڕێوبەری فرۆشتن لەکۆمپانیای رۆدێڵتەی ھۆڵەندی، دهڵێت: " زۆر گرنگە کێشەکانی ھەرێمی کوردستان و بەغدا چارەسەربکرێن تا کۆمپانیاکانی رۆژئاوا بتوانن ئاسانتر ھاوکاری ھەرێمی کوردستان بکەن و بە کوالێتییهکی باشتر وەبەرھینان بکەن، ئیمە کۆمپانیایەکی بواری چارەسەرکردنی پەمپی دەرھێنانی نەوتین و ھەوڵدەدەین کارەکانمان لە ھەرێمی کوردستان پەرهپێبدەین".
کۆمپانیاکانی بواری توێژینەوە و ھەڵسەنگاندن لە کۆنفرانسەکەدا، چەند راپۆرت و داتاو زانیارییەکیان پێشکەش کرد دەربارەی بڕی بەرھەمھێنانی نەوت و ئاستی ئەمن و ئاسایش، بەپێی راپۆرتەکەكانیش ھەرێمی کوردستان زیاتر سەقامگیری پێوەدیارە بە بەراورد لەگەڵ باشوور و ناوەڕاستی عێراق.