جوتیارانی ھەڵەبجە داوای كردنەوەی سایلۆ دەكەن

پارێزگای ھەڵەبجە سایلۆی نییە
kurdistan24.net

K24 - ھەڵەبجە     

كاتی رادەستكردنی دانەوێڵەی جوتیارانی شارەكانی ھەرێمی كوردستانە، بەشێك لە شارەكانیان كێشەی كەمی سایلۆیان ھەیە، لە سنووری پارێزگای ھەڵەبجە بەھۆی نەبوونی سایلۆوە جوتیاران دووچاری گرفت بوونەتەوە و داوا دەکەن وەك شارەکانی دیکە سایلۆیەکی گەورەو فراوانیان  بۆ دروست بکرێت، تاوەکو بتوانن گەنمەكانیان رادەست بكەن و بەرھەمەکەیان بەھەدەرنەچێت.

نەبوونی سایلۆ لە پارێزگای ھەڵەبجە گرفتی زۆری بۆ جوتیاران دروست کردووە، كە لە پارێزگای ھەڵەبجە تەنھا بنكەرێك بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیاران ھەیە. وەک جوتیاران ئاماژەی  بۆ دەکەن ھەر رۆژە و بە بەھانەی بوونی گرفتێک کارەکانیان بۆ راناپەڕێنن و جوتیاران چەند رۆژێك لەبەردەم ئەو بنكانە چاوەڕێ دەكەن.

بەڕێوبەری کشتوکاڵی سیروان، کە سەرپەرشی پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی سنووری پارێزگای ھەڵەبجەش دەکات دەڵێت، ئێرە جگە لەوەی کە سایلۆ نییە گرفتی کەمی کارمەند و نەبوونی کارەبا و ژمارەیەك گرفتی دیکەی ھەیە ئەگەر چارەسەر بکرێن ئەوا بەزووترین کات گەنمی جوتیاران وەردەگیرێت.

ھەڵەبجە لەگەڵ ئەوەی پارێزگایە و 4 شارەدێی گرنگی کشتوکاڵی سەر بەو پارێزگایەن، بەڵام تائێستا جگە لە بنكەرێك ھیچ جێگەیەکی دیکەی نییە بۆ ھەڵگرتنی گەنم، کە ساڵانە لەم سنوورە نزیکەی 50 ھەزار تۆن گەنم بەرھەم دەھێنرێت، ئەو شوێنەی كە ھەیە تەنھا توانای گلدانەوەی 20 ھەزار تۆن گەنمی ھەیە.

ھ.م