شایەتحاڵەكان چیرۆكی خنكانی 5 ئەندامی خێزانێك لە زاخۆ دەگێڕنەوە

تەنھا ئەندامێكی خێزانەكە رزگار كرا
kurdistan24.net

K24 - زاخۆ  

تیمی كوردستان24 دەچێتە شوێنی ئەو رووداوەی كە ھەینی رابردوو 5 ئەندامی خێزانێك لە گوندی دووكەری سنووری زاخۆ كەوتنە ناو روباری خابوور، لەوێ چیرۆكی رووداوەكە لە زاری شایەتحاڵەكان دەگێڕێتەوە.

ھێشتا تیمەكانی مەلەوانی و خەڵكی ناوچەكە لەسەر روبارەكە كۆبوونەتەوە و بەدوای تەرمی ئەندامێكی ئەو خێزانە دەگەڕێن كە رۆژی ھەینی لەگەڵ چوار ئەندامی دیكەی خێزانەكەی كەوتنە روباری خابور.

شایەتحاڵەكان باسی ئەوە دەكەن ئەو خێزانە بۆ گەشت و سەیران سەردانی ئەو شوێنەیان كردووە، دوای ئەوەی بوتڵێكیان لێدەكەوێتە ناو ئاو دەیانەوێت بیدۆزنەوە، بەڵام ھەر یەكەی خۆی ھاوێشتووەتە ناو ئاوەكە نەھاتووەتە دەرەوە، تەنھا كچێكی ئەو خێزانە رزگار كراوە.

دلۆڤان عوبەید، شایەتحاڵی روداوەکەیە و ئەو توانیویەتی ئەندامێكی خێزانەكە رزگار بكات ئەویش كچەكەیانە. عوبەید چیرۆكەكە دەگێڕێتەوە و دەڵێ: "ئەو كاتەی رووداوەكە روویداوە و لەبەر تێكچوونی باری دەرونیان ھەر یەكێك لە ئەندامانی خێزانەكە بۆ رزگاركردنی ئەویتر خۆی ھاوێشتووەتە ناو ئاوەكە، كاتێك ئێمە دەیانویست ئەوانی دیكە رزگار بكەین قیژەیەك ھات بینیمان كچەكەیان لەناو روبارە، ئێمەش بەھانایەوە چووین توانیمان ئەو كچە رزگار بكەین".

رۆژی ھەینی رابردوو 28/6/2019 لە گوندی دوكەری سنووری زاخۆ، 6 ئەندامی خێزانێك كەوتنە نێو ئاو كە پیاوێك و ھاوسەرەكەی و 3 منداڵەكانیان خنكان، تەنھا كچێكیان رزگار كرا، تائێستاش تەرمی باوكی منداڵەكان نەدۆزراوەتەوە.

بەپێی ئاماری بەرگری شارستانی دھۆك، تەنھا لەماوەی ئەمساڵدا 8 كەس لە روباری خابوور خنكاون و ھێشتا تەرمی سێ لەو كەسانە نەدۆزراوەتەوە.

ھ.م