بەڕێوەبەری كەشناسی پێشبینیەكانی كەشوھەوای چەند رۆژی داھاتوو دەخاتەڕوو

كەشوھەوای ھەرێمی كوردستان
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

بەڕێوەبەری كەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی كوردستان پێشبینیەكانی كەشوھەوا بۆ چەند رۆژی داھاتوو رادەگەیەنێت.

فازڵ ئیبراھیم، بەڕێوەبەری كەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند: "ئەو شەپۆلە گەرمایەی لە چەند رۆژی رابردوو كاریگەری كردبووە سەر ھەرێمی كوردستان، لە شەوی رابردووەوە بەرەو لاوازی چووە، ئەمڕۆ تەنھا لە پارێزگای كەركووك پێشبینینی دەكرێت بەرزترین پلەی گەرما بگاتە 40 تا 41 پلە، بەڵام لە پارێزگاكانی دیكەی ھەرێمی كوردستان لە خوار 40 پلە دەبێت، ئەمەش تارادەیەك دڵخۆشكەرە كە ئێستا لە كۆتایی مانگی حوزەیران و سەرەتای مانگی تەموزداین".

لەبارەی كەشوھەوای رۆژانی داھاتوودا گوتی: "تا دوو رۆژی داھاتوو پلەی گەرما بە نزمی دەمێنێتەوە بەراورد بە رۆژانی رابردوو، دواتر لە رۆژی چوارشەممە چەند پلەیەك بەرز دەبێتەوە و دەتوانین بڵێین تاچەند رۆژی داھاتوو ھیچ شەپۆلێكی گەرما روو لە ھەرێمی كوردستان ناكات كە پلەی گەرما بگاتە نزیك 50 پلەی سیلیزی".

فازڵ ئیبراھیم، راشگەیاند: "ئێستا لەسەرەتای وەرزی ھاوینداین، پێشبینی دەكرێت لە سەرەتای مانگەكانی تەموز و ئاب پلەی گەرما زیاتر بەرزببێتەوە".

ئەوەشی خستەڕوو: "بەرزترین پلەی گەرمی لە كاتژمێر 12 نیوەڕۆ تا كاتژمێر 4ی ئێوارەیە، بۆیە پێویستە لەو ماوەیەدا ھاووڵاتیان خۆیان بپارێزن لە بەركەوتنی تیشكی خۆر، كە كاریگەری دەبێت بۆ تەندروستی مرۆڤ".

ھ.م