له ده‌وروبه‌ری باڵیۆزخانه‌ی وڵاتان له به‌غدا رێوشوێنی ئه‌منی توند ده‌گیرێته‌به‌ر
K24 - هه‌ولێر:
ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق، رێوشوێنی ئه‌منی توند بۆ پاراستنی نێرده دیپلۆماسییه‌كانی وڵاتان له عێراق ده‌گرنه‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی رێگه له هه‌ر هێرشێك بۆ سه‌ریان بگیرێت.
لیوا روكن، عامر سه‌ددام، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی پاراستنی دامه‌زراوه و كه‌سایه‌تییه‌كان له به‌غدا له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاندووه: "له ده‌وروبه‌ری باڵیۆزخانه‌كانی وڵاتان له به‌غدا رێوشوێنی ئه‌منی توند گیراوه‌ته‌به‌ر".
به‌گوێره‌ی قسه‌كانی ئه‌و به‌رپرسه ئه‌منییه، گرتنه‌به‌ری ئه‌و رێوشوێنه ئه‌منییه تونده له‌سه‌ر راسپارده‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بووه و گوتوویه‌تی: "نێرده دیپلۆماسیی و باڵیۆزخانه‌كان هێڵی سوورن و نابێت وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراق له هیچ بارودۆخێكدا رێگه بدات زێده‌رۆییان به‌رامبه‌ر بكرێت".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "ده‌ست به گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی ئه‌منیی توند كراوه و ئاماده‌سازیی زیاتر له‌و شوێنانه‌ی ناو به‌غدا كراوه".
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی پاراستنی دامه‌زراوه و كه‌سایه‌تییه‌كان له به‌غدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، پلانمان داناوه بۆ ئه‌وه‌ی رێگه له دووباره بوونه‌وه‌ی هه‌ر رووداوێكی هاوشێوه‌ی چه‌ند رۆژوێك پێش ئێستای باڵیۆزخانه‌ی به‌حره‌ین بگیریت، چونكه ئه‌و رووداوانه ده‌بنه هۆی تێكدانی ئارامی و سه‌قامگیریی باڵیۆزخانه‌كان، ئه‌و رێوشوێنه ئه‌منیانه‌شی گیراونه‌ته‌به‌ر، رێگا له هه‌ر هه‌وڵێك ده‌گرێت بیه‌وێت باڵیۆزخانه‌كان بكه‌نه ئامانج".
جێگای بیرھێنانه‌وه‌یه ئێواره‌ی رۆژی پێنجشه‌ممه، خۆپیشانده‌ران چوونه ناو باڵیۆزخانه‌ی به‌حره‌ین له ناوچه‌ی مه‌نسووری به‌غدا و ناڕه‌زایه‌تییان له‌باره‌ی "رێككه‌وتنی سه‌ده" ده‌ربڕی و ئاڵای به‌حره‌ینیان دابه‌زاند و له شوێنی ئه‌و ئاڵای فه‌ڵه‌ستینیان به‌رزكرده‌وه.