توركيا كاربه‌ڕێكه‌ری باڵیۆزخانه‌ی عێراق له‌ ئه‌نقه‌ره‌ بانگهێشت ده‌كات

ئه‌نقه‌ره‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانیان خه‌ڵكی سڤیلیان كردبێته‌ ئامانج

K24- هه‌ولێر:

تورکیا بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەبارەی کوشتنی خەڵکی سڤیل لە لایەن فرۆکەکانی تورکیاوە رەتدەکاتەوە و كاربەڕێکەری باڵوێزخانەی عێراقیش بانگی ‌ وەزارەتی دەرەوە دەكات.

لە کاتی بانگھێشتكردنی کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەنقەرە، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ناڕه‌زایی خۆی بەرامبەر بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق نیشانداوە و رایگه‌یاندوە، لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەوان دژی بنكه‌ و باره‌گاكانی پەکەکە لە ناو خاکی عێراق "ناوچه‌ سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان"، هیچ هاووڵاتییەکی سڤیل نەکوژراوە و ئۆپەراسیۆنەکانیان تەنیا چەکدارانی پەکەکە دەکەنە ئامانج.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا به‌ كاربه‌ڕێكه‌ری باڵیۆزخانه‌ی عێراقی راگه‌یاندووه‌، ئۆپه‌راسیۆن و كرده‌ سه‌ربازییه‌كانیان له‌ دژی بنكه‌ و باره‌گاكانی په‌كه‌كه‌ له‌ناو خاكی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت.

دوای ئه‌وه‌ی له‌ ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوودا له‌ ئه‌نجامی هێرش و بۆردومانی فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر بنكه‌ و باره‌گاكانی په‌كه‌كه‌ له‌ ناوچه‌ سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی سڤیل شه‌هید و بریندار بوون، لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و خه‌ڵكی كوردستان داوایان له‌ حكوومه‌تی عێراق كرد به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵ بۆ چاره‌سه‌ركردنی دۆخی ئه‌و ناوچانه‌ بكات، لە بەیاننامەیه‌كدا وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگه‌یاند، لە ئەنجامی بۆردومانی فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی تورکیا، چەند هاووڵاتیەكی سڤیل گیانیان لەدەستداوە، وێرای شەرمه‌زارکردنی ئەو کارە داوا لە تورکیا دەکه‌ین، رێز لە سەروەری خاکی عێراق بگرێت.

H.B