بایك: بەھۆی شكستی ئاكپارتی لە ئیستانبوڵ توركیا ھێرش دەكاتە سەر باشووری كوردستان
K24 - ھەولێر
جەمیل بایك رایدەگەیەنێت، بەھۆی دۆڕانی ئاكپارتی لە ھەڵبژاردنی دووبارەی شارەوانی ئیستانبوڵ، توركیا ھێرش دەكاتە سەر باشووری كوردستان و ھەڕەشە لە رۆژئاوا دەكات.
جەمیل بایك، ھاوسەرۆكی كۆنسەی بەڕێوەبردنی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) لە دیدارێكدا لەگەڵ ئاژانسی فوراتی سەر بە حزبەكەی، ھەڵوێسی پەكەكەی لەبارەی ھەڵبژاردنی شارەوانی ئیستانبوڵ خستووەتەڕوو و ئاماژەی بەوە كردووە "بەھۆی ھەڵوێستی ھەدەپە و رێككەوتنی لەگەڵ ھێزە دیموكراتخوازەكان، ھاوپەیمانێتی ئاكپارتی و مەھەپە شكستیھێنا. ئەنجامی ئەو ھەڵبژاردنە، نیشانەی ئەوەیە كە لێپرسینەوە لەنێوخۆی توركیا بەرامبەر ئاكپارتی دەستیپێكردووە و ئیدی خەڵكی سیاسەتەكانی رەتدەكەنەوە".
بایك جەختیش دەكاتەوە، ھەدەپە نەبووایە، جەھەپە نەیدەتوانی سەركەوێت و ئاكپارتی و مەھەپە شكستیان نەدەھێنا، بۆیە ئەو سەركەوتنە بە سەركەوتنی كورد ناودەبات.
لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا ھاوسەرۆكی كۆنسەی بەڕێوەبردنی كەجەكە دەڵێ "ئاكپارتی و ئەردۆغان سرووشتێكی تۆڵەكردنەوەیان ھەیە، بۆیە رەنگە ھێرشەكانی زیاد بكات. لەبەر ئەو شكستەی ئیستانبوڵ ھێرش دەكاتە سەر باشووری كوردستان و ھەڕەشە لە رۆژھەڵاتی فورات دەكات".
ئەو گوتانەی بایك لەكاتێكدایە بەھۆی بوونی بارەگاكانی پەكەكە لەم دواییەدا توركیا ھێرشە ئاسمانییەكانی بۆسەر ناوچە سنوورییەكانی باشووری كوردستان چڕ كردووەتەوە و بەوھۆیەشەوە لەم دوو ھەفتەیەی دواییدا ژمارەیەكی دیكەی ھاووڵاتی لە دەڤەری برادۆست و بناری قەندیل شەھید و برینداربوون.
ھ.م