ئایدن مەعروف: پەكەكە دەیەوێت پەیوەندییەكانی ھەرێمی كوردستان و توركیا تێكبدات

"جگە لە ھێزی پێشمەرگە ھەرێمی كوردستان پێویستی بە ھیچ گرووپێكی چەكدار نییە"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركمانی رایدەگەیەنێت، ئامانجی پەكەكە لە دروستكردنی گرووپێكی چەكدار و چالاكییە سەربازییەكانی دژی توركیا، بۆ تێكدانی پەیوەندییەكانی ھەرێمی كوردستان و توركیایە.

ئایدن مەعروف، سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركمانی لە پەرلەمانی كوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند: "ئێستا كە ھەرێمی كوردستان پێویستی بە سەقامگیری سیاسی ھەیە و لایەنەكان سەرقاڵی پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتن، لایەنێكی سیاسی بەدەر لە یاسا ھەلدەستێ بە دروستكردنی گرووپێكی چەكدار، ئامانجی ئەو ھێزانەش تێكدانی سەقامگیری ھەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و ھەرێمی كوردستانە".

گوتیشی: "ھەر ھێزێك لە دەرەوەی ھێزی پێشمەرگە لە ھەرێمی كوردستان دروست بكرێت ھێزێكی نا یاساییە. ھێزی پێشمەرگە ھێزێكی یاساییە و ھەرێمی كوردستان پێویستی بە ھیچ ھێزێكی دیكە نییە".

ئایدن مەعروف، ئاماژەی بەوەشكرد: "دەبێ بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ ئەو ھێزانە بكەن كە بە نا یاسایی دێنە ناو خاكی ھەرێمی كوردستان و عێراق، نابێ رێگە بە ھیچ گرووپێكی چەكدار بدرێت لەناو خاكی عێراق و ھەرێمی كوردستان ھێرش بكاتە سەر وڵاتێكی دیكە".

ئەوەشی خستەڕوو: "ئێستا پەیوەندییەكانی ھەرێمی كوردستان و توركیا لە قۆناخێكی باشدایە و بەرەو باشتر دەچێت، ھەرێمی كوردستان پێویستی بەوەیە كە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر باشتر بێت، ناكرێت ھێزێك ببێتە ھۆكار بۆ تێكدانی رەوشەكە، كە ئامانجی سەرەكی تێكدانی پەیوەندییەكانی ھەرێمی كوردستان و توركیایە، لە ھەمانكاتدا بوونەتە ھۆكار بۆ ئەوەی زیان بە ھاووڵاتیان بگات، پێشتریش حكوومەتی ھەرێم چەندین جار داوای كردووە كە دەبێ پەكەكە لەو ناوچانە بكێشتەوە، كە كاریگەری خراپی ھەیە بۆ رەوشی سیاسی و ژیان و گوزەرانی خەڵكی ھەرێمی كوردستان".

سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركمانی راشیگەیاند: "بۆ سەقامگیری ناوچەكە دەبێ ئەو ناوچانەی پەكەكە لێی جێگیر بووە بخرێنەوە چوارچێوەی دەسەڵاتی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، ھەروەھا دەبێ حكوومەتی عێراقیش ھەڵوێستی ھەبێت لە رێگری كردن لەو ھێزانە كە لەناو خاكی عێراق و ھەرێمی كوردستان چالاكی سیاسی و سەربازی دژی وڵاتێكی دراوسێ ئەنجامدەدەن".