ته‌واوی گروپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی ده‌كه‌ونه ژێر چه‌تری فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كان
K24- هه‌ولێر:
به‌گوێره‌ی فه‌رمانێكی دیوانی، كه له نووسینگه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بڵاوكراوه‌ته‌وه، حه‌شدی شه‌عبی له ژێر هه‌موو ئه‌و ناوانه ده‌رده‌هێنرێت، كه پێشتر به گروپی جیاجیا ناسرابوون و سه‌رجه‌م گروپه‌كانی حه‌شد ده‌كه‌ونه ژێر چه‌تری فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق.
ـ له خاڵی یه‌كه‌می فه‌رمانه دیوانییه‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقدا كه له 10 خاڵدا كورت كراوه‌ته‌وه، هه‌موو ورده‌كارییه‌كان خراونه‌ته‌روو و تێیدا هاتووه، "له پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و به‌پێی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی به‌گوێره‌ی ده‌ستوور پێمان دراوه، هه‌روه‌ها به له‌به‌رچاوگرتنی رۆڵی ئه‌و هێزانه و بۆ مسۆگه‌ركردنی پارێزبه‌ندی چ له سه‌ر ئاستی ناوخۆیی یانیش ده‌ره‌وه، بڕیار دراو ئه‌و فه‌رمانه‌مان ده‌رخستووه".
به‌گوێره‌ی فه‌رمانه دیوانییه‌كه، سه‌رجه‌م گروپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی ده‌بنه به‌شێكی دانه‌بڕاو له هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق و هه‌موو ئه‌و رێككارانه‌ی سوپا و هێزه‌كانی دیكه ده‌یانگرێته‌وه، له‌سه‌ر حه‌شدی شه‌عبیش جێبه‌جێ ده‌كرێن
هه‌روه‌ها ئاماژه به‌وه دراوه، گروپه‌كانی ئه‌و هێزه له‌لایه‌ن سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبییه‌وه سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێن، كه له لایه‌ن فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراقه‌وه بۆ ئه‌و ئه‌ركه راده‌سپێردرێت.
ـ خاڵی دووه‌م جه‌خت ده‌كاته‌وه، ته‌واوی ئه‌و گروپانه به هه‌موو پێوه‌رێك له‌ژێر ئه‌و ناوانه دێنه ده‌ره‌وه، كه پێشتر پێی ده‌ناسرانه‌وه و له‌مه‌ودوا به ناوه‌كانی "فیرقه، لیوا، فه‌وج،.. هتد" پێناسه ده‌كرێن، ئه‌م رێككاره حه‌شدی عه‌شائیری و هه‌موو ئه‌و هێزانه ده‌گرێته‌وه، كه له‌ژێر چه‌تری حه‌شدی شه‌عبی دامه‌زراون، هه‌روه‌ك ئه‌ندام و فه‌رمانده‌كانی ئه‌و هێزانه‌ش وه‌ك چۆن له هێزه سه‌ربازییه‌كاندا باوه، به پله‌ی سه‌ربازی پێناسه ده‌كرێن.
ـ له خاڵی سێیه‌می فه‌رمانه‌كه‌دا هاتووه، نابێت ئه‌و هێزانه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی سیاسی و لایه‌نگیری به‌و گروپانه‌وه بمێنێت، كه پێشتر پێی ده‌ناسرانه‌وه.
ـ له خاڵی چواره‌مدا گروپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له بڕیاردان سه‌رپشك كراون، كه ده‌توانن نه‌چنه ریزه‌كانی هێزه چه‌كداره‌كان، به‌ڵام ده‌بێت به‌گوێره‌ی یاسای حیزبه‌كان و یاسا و رێككاره سیاسییه باوه‌كان ببن به دامه‌زراوه‌ی سیاسی و نابێت چه‌ك له‌ده‌ستیان بمێنێته‌وه، ته‌نیا به مۆڵه‌ت نه‌بێت، ئه‌ویش ته‌نیا بۆ پاسه‌وان و پارێزگاریكردن له باره‌گا سیاسییه‌كانیان، وه‌ك هه‌ر حیزبێكی دیكه‌ی سیاسی.
ـ خاڵی پێنجه‌م باس له‌وه ده‌كات، وه‌ك هه‌ر یه‌كه‌یه‌كی دیكه‌ی سه‌ربازی عێراق، سه‌ربازگه بۆ ئه‌و هێزانه‌ش دیاری ده‌كرێن و هه‌موو ئه‌و فه‌رمانانه‌ی بۆ هێزه چه‌كداره‌كان ده‌رده‌چن، به‌سه‌ر ئه‌و هێزانه‌شدا فه‌رز ده‌كرێن.
- خاڵی شه‌شه‌م: سه‌رجه‌م ئه‌و باره‌گایانه داده‌خرێن، كه به ناو گروپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی بوون، چ له ناو سه‌نته‌ری شاره‌كان یانیش له ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كان بێت.
- خاڵی حه‌فته‌م: بوونی هه‌ر گروپێكی چه‌كداری چ به ئاشكرا یانیش نهێنی له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و رێككارانه قه‌ده‌غه‌یه و به‌ده‌ر له یاسا هه‌ژمار ده‌كرێن و به‌گوێره‌ی یاساش مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت.
- خاڵی هه‌شته‌م: ته‌واوی نووسینگه ئابوورییه‌كان و بازگه‌كان یانیش بوونی هه‌ر دامه‌زراوه‌یه‌كی خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌ت له ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی نوێ داده‌خرێن، ئه‌مه‌ش به‌وه‌ی كه له‌مه‌ودوا حه‌شدی شه‌عبی ده‌بێته به‌شێكی دانه‌بڕاو له هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق.
ـ خاڵی نۆیه‌م: رۆژی 31/7/2019 دوا واده‌ی دیاریكراوه بۆ كۆتاییهێنان به جێبه‌جێكردن و ته‌واوكردنی كار و رێككاره‌كانی ئه‌و فه‌رمانه.
ـ خاڵی ده‌یه‌م: له داهاتوودا فه‌رمانێكی دیكه بۆ په‌یكه‌ر و پێكهاته‌ی ئه‌و هێزانه ده‌رده‌كرێت، كه له حه‌شدی شه‌عبی درووست ده‌بن.
ئه‌م فه‌رمانه له‌كاتێكدایه، كه ده‌گوترێت ئه‌و گروپانه فه‌رمان له تاران وه‌رده‌گرن، هاوكات له‌و ماوه‌یه‌دا چه‌ندین گروپی حه‌شدی شه‌عبی هه‌ڕه‌شه‌ی هێرشكردنه سه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مریكا له عێراق كردووه، له به‌رامبه‌ریشدا ئیداره‌ی ئه‌مریكا چه‌ندین جار رایگه‌یاندووه، هه‌ركاتێك شه‌ڕ روو بدات، ته‌واوی هاوپه‌یمانانی كۆماری ئیسلامی ده‌كاته ئامانج، به گروپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبیشه‌وه.
ساڵی رابردوو، ئیداره‌ی ئه‌مریكا ناوی به‌شێك له‌و گروپانه‌ی خستووه‌ته لیستی تیرۆره‌وه، به‌تایبه‌ت گروپه‌كانی وه‌ك: نوجه‌با، عه‌سائیب ئه‌هلول حه‌ق و حیزبوڵڵای عێراقی.
H.B