توركیا روو له بازاڕی چه‌كی رووسی ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ئاژانسی بلۆمبێرگی ئه‌مه‌ریكی كه له سه‌رچاوه‌ی توركییه‌وه ده‌ستیكه‌وتووه، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا فڕۆكه‌ی شه‌ڕكه‌ری جۆری F-35 به ئه‌نقه‌ره نه‌فرۆشێت، بیر له كڕینی فڕۆكه‌ی جه‌نگیی رووسی ده‌كاته‌وه.
سه‌رچاوه‌یه‌كی توركی به ئاژانسه‌كه‌ی گوتووه:"ئه‌گه‌ر توركیا له پرۆگرامی F-35 دووربخرێته‌وه، به‌دوای جێگره‌وه‌دا ده‌گه‌ڕێین و دوور نییه فڕۆكه‌ی شه‌ڕكه‌ری رووسی بێت. هه‌روه‌ها ده‌ست به دیزاینی فڕۆكه‌ی شه‌ڕكه‌ر و مووشه‌كی بالیستی ده‌كه‌ین كه له ناوخۆدا به‌رهه‌مبھێنرێت".
پێشتر وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مه‌ریكا به‌هۆی رێككه‌وتنی كرینی سیستمی مووشه‌كیی به‌رگریی ئاسمانی ئێس - 400ـی رووسیا رایگه‌یاندبوو: "فڕۆكه‌ی ئێف - 35 به توركیا نافرۆشن، چونكه ئه‌گه‌ر ئه‌و سیستمه مووشه‌كییه‌ی رووسیا بكڕێت، پێده‌چێت مۆسكۆ به‌و رێگایه زانیاریی له‌سه‌ر فڕۆكه شه‌ڕكه‌ره ئه‌مه‌ریكییه‌كه ده‌ستكه‌وێت كه نوێیه و له نه‌وه‌ی پێنجه‌مه".
به‌رپرسانی توركیا كه رێگه‌یان نه‌داوه بلۆمبێرگ ناویان بنووسێت گوتوویانه: "ئه‌نقه‌ره سیستمی ئێس - 400ـی رووسی به باشتر ده‌زانێت له سیستمی پاتریۆتی ئه‌مه‌ریكی، مووشه‌كه رووسییه‌كه ده‌توانێت ئه‌نقه‌ره‌ی پایته‌ختی توركیا و گه‌وره شاری ئیستانبوڵ بپارێزێت. له به‌رامبه‌ریشدا توركیا چاوه‌ڕێی سزای ئه‌مه‌ریكایه به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته به پارچه‌ی یه‌ده‌گ و كه‌ره‌سته‌ی ئه‌و چه‌كه ئه‌مه‌ریكیانه‌ی له به‌رده‌ستی سوپای توركیادایه".