تره‌مپ: ئێران ئاستی رێگه‌پێدراوی یه‌ده‌گی یۆرانیۆمی پێشێل كردووه
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه 3/7/2019، دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا قسه‌ی له‌باره‌ی بڕیاره‌كه‌ی ئێران كرد و رایگه‌یاند: "ئێران ئاستی رێگه‌پێدراوی یه‌ده‌گی یۆرانیۆمی پیتێنراوی تێپه‌ڕاندووه".
تره‌مپ بڕیاره‌كه‌ی ئێرانی به سه‌یر ناوبردووه و گوتوویه‌تی: "تاران ئه‌و رێككه‌وتننامه ئه‌تۆمییه‌ی پێشێل كردووه كه ساڵی 2015 پێش ماوه‌یه‌ك له‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا وه‌ربگرم له‌گه‌ڵیدا كرابوو".
تره‌مپ وه‌ك هه‌میشه له تویته‌ره‌وه نوسیوویه‌تی: "ئێران ئه‌و رێككه‌وتنه ئه‌تۆمییه‌ی كه به‌هاكه‌ی 150 ملیار دۆلار بوو، جگه له 1.8 ملیار دۆلاری سندووقی نه‌ختینه‌ی نێوده‌ڵه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا و وڵاتانی دیكه‌ی پێشێل كردووه، ئه‌وه‌ش پێش ماوه‌یه‌ك بووه له‌وه‌ی ببمه سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "ئێستا ئێران ئاستی رێگه‌پێدراوی له یۆرانیۆمی پیتێنراوی تێپه‌ڕاند، ئه‌وه‌ش به‌هیچ شێوه‌یه‌ك هه‌نگاوێكی باش نییه".
قسه‌كانی تره‌مپ پاش ئه‌وه‌هات كه به‌رپرسانی ئێران رایانگه‌یاند: "بڕی یه‌ده‌گی یۆرانیۆمی پیتێنراویان گه‌یاندووه‌ته سه‌رووی 300 كیلۆگرام".