رۆژنامەنووسێک بوو بە سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا

پێشتر جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی ئه‌وروپا بووه‌

K24 - هه‌ولێر:

داڤید ماریا ساسۆلی ئیتالی كه‌ رۆژنامه‌نووس بووه‌ به‌ سه‌رۆكی نوێی په‌رله‌مانی ئه‌وروپا هه‌ڵبژێردرا.

بارزان حه‌سه‌ن، په‌یامنێری كوردستان 24 له‌ ستراسبۆرگی فەرەنساوه‌ رایگه‌یاند: "رۆژی دووەمی دانیشتنی پەرلەمانی ئەوروپا کۆتایی پێھاتوو و لەکۆی  751 پەرلەمانتاری ئەوروپا، تەنها 667 پەرلەمانتار دەنگیانداو لەو ژمارەیەش  345 پەرلەمانتار دەنگیاندا بە ساسۆلی و بەمەش بووە سەرۆکی نوێی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ ماوەی دوو ساڵ و نیو. دواتر ھەر لەناو پەرلەمانی ئەوروپا ھەڵبژاردن ئەنجام دەدرێتەوە بۆ سەرۆکی نوێی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ دوو ساڵ و نیوی دیكه‌".

داڤید ماریا ساسۆلی تەمەنی 63 ساڵە و لەدایکبووی شاری فلۆرنسی ئیتاڵیایە، دەرچووی زانکۆی فلۆرانس بەشی زانستە سیاسی یەکانەو دواتر ناوبراو لە ساڵی 1970 دەست دەکات بەکاری رۆژنامەنوسی لەرۆژنامەی لۆکاڵی  Giorno.

دواتر لەساڵی 1992 بۆتە پەیامنێری تەلەڤزیۆنی TG3.

ساڵی 2009 بۆتە ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا و ساڵی 2014 دووبارە بۆوە پەرلەمانتار و دواتر بۆ جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا دیاریکرا.

ناوبرا خێزاندارە و دوو مناڵی ھەیە و لایەنگری یانەی تۆپی پێی فۆرێنتینای ئیتاڵی یە.