رێگه‌نه‌درا ئاواره‌ی كه‌مپه‌كان گله‌ییه‌كانیان بگه‌یه‌ننه‌ وه‌زیری كۆچی عێراق

ئاواره‌كان ده‌ڵێن: یان کێشەی ئاوارەکان چارەسەر بكه‌ن یان دەستلەکاربکێشنه‌وه‌
kurdistan24.net

K24 - مووسڵ:

وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق سەردانی کەمپی حەسەن شامی نزیک مووسڵی کرد، نەوفەل بەها, وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە کوردستان24ی گوت پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکان دەستپێدەکات و سەرەتای ساڵی داهاتوو ئەنبار دەبێتە یەکەم پارێزگا کە هیچ کەمپێکی تیادا نامێنێت.

دانیشتوانی کەمپەکە گلەیی و توڕەیی زۆریان لە دڵدا بوو، ویستیان بە وەزیرەکەی عێراقی بگەیەنن، بەڵام پاسەوانەکان نەیانهێشت سەرەنجام توڕەیی خەڵك هێندەی دیکە زیاتر بوو.

پیاوێک دەڵێ ناکرێ ئێمە لەم کەمپەدا بمرین ، سەرۆکی لیژنەی کۆچ و کۆچبەرانی پەرلەمانی عێراقیش داوا لە سەرۆک وەزیران دەکات یان کێشەی ئاوارەکان چارەسەر بکات یان دەستلەکاربکێشێتەوە.

نه‌وفه‌ل به‌ها، وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق، بۆ كوردستان 24 گوتی: " دەمانەوێ ناوی ئاوارەکان تۆمار بکەین بۆ ئەوەی لەمەودوا لە پرۆسەی گەیاندنی هاوکارییەکان و گەڕانەوەیان هاوکارمان بێت، بۆ گەڕنەوەی ئاوارەکان لە ئەنبارەوە دەستپێدەکەین، بەردەوامین لە هاوکارییەکانمان و سوپاسی ڕێکخراوە خۆجێیەکانیش دەکەم، بەڕاستی دەزگای خێرخوازی بارزانی هیچ کەموکوڕی نەبووە، سوپاسی هەرێمی کوردستانیش دەکەم کە لەگەڵیاندا هەماهەنگییەکی باشمان هەیە".

دوو ساڵ بەسەر نەمانی خەلافەتەکەی داعشدا تێپەڕیوە و هێشتا ملیۆنێك و شەشسەد هەزار ئاوارەی ناوخۆیی لە عێراقدا هەن، کە نزیکەی 300 هەزاریان بێ مال و حاڵن، بەرپرسانی عێراقیش جگە لە بەڵێنی گەورە بۆ درووستکردنی دنیایەکی پەمەیی هیچ شتێکیان پێنەکراوە.

ئ. م