ئاڵدار خه‌لیل: بەنێوەندگیری ئەمەریكا دانوستان لەنێوان ھەسەدە و توركیا ھەیە

"ھیچ رێككەوتنێك لەنێوان لایەنەكانی رۆژئاوای كوردستان نەكراوە"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

ئاڵدار خه‌لیل، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی تەڤگەڕی جڤاتی دیموكراتیك (ته‌ڤده‌م) به‌ كوردستان24ی راگه‌یاند، به‌ نێوه‌ندگیری ئه‌مەریكا و هاوپه‌یمانان په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ توركیا هه‌یه‌.

ئاماژەی بەوەشكرد: "تاوه‌كو ئێستا هیچ رێككه‌وتنێك له‌نێوان ئه‌وان و توركیا نه‌كراوه‌، به‌ڵام دانوستان به‌رده‌وامه‌ و رێككه‌وتن كاتی زیاتری پێویسته‌".

ئاڵدار خه‌لیل، روونیكردەوە: "لەكاتی ھەڵبژاردنی شارەوانییەكان لە توركیا رەوشەكە گۆڕانكاری بەسەردا ھاتووە، لە رێگەی جێمس جێڤری، نوێنه‌ری تایبه‌تی ئه‌مه‌ریكا بۆ كاروباری سووریا دانوستان لەنێوان ھەسەدە و توركیا ھاتووەتە ئاراوە، تائێستا دانوستانەكان ھیچ ئەنجامێكی نەبووە، باوەڕناكەین دانوستانەكان ئەنجامی ھەبێت، بەڵام ئێمە دەمانەوێت دەستكەوتە بە دەستھاتووەكان بپارێزین".

لەبارەی پەیوەندی نێوان لایەنە كوردییەكان لە رۆژئاوای كوردستان و ھەوڵەكان بۆ نزیكبوونەوەی تەڤدەم و ئەنەكەسە ئاڵدار خه‌لیل رایگەیاند: "ئێمە نامانەوێت كورد پارچە پارچە ببن، دەمانەوێت دەستكەوتەكانی رۆژئاوای كوردستان بپارێزین و بە ھی ھەموو كوردی دەزانین، پێویستە ھیچ لایەنێك خۆی بە دوژمنی ئەو دەستكەوتانە نەزانێت. ھەوڵ بۆ لێكنزیكبوونەوەی لایەنەكانی رۆژئاوای كوردستان ھەبووە، بەڵام تائێستا ھیچ رێككەوتنێك نییە. ئێمە خۆمان دەپرسین ئەنەكەسە بۆچی لەناو گەلی خۆی خەبات ناكات؟ دەتوانن بەشداری لە ھەڵبژاردنەكان بكەن، ئێمە دژی ئەوە نین ئەوان لە رۆژئاوای كوردستان كار بكەن".

ھ.م