پەرلەمان خوێندنەوەی دووەم بۆ یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاكان دەكات

پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە و خوێندنەوەی دووەم بۆ ھەموار كردنەوەی یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاكان دەكات.

سەرچنار ئەحمەد، پەرلەمانتاری كوردستان لە فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی و ئەندامی لیژنەی ناوخۆ بە كوردستان24ی راگەیاند: "لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان دا خوێندنەوەی دووەم بۆ یاسای ژمارەی 3ی ساڵی 2009ی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دەكەین، ئەو ھەموارەی كە ھاتووەتە پەرلەمان پێنج مادەیە، زیاتر جەخت لەسەر دوو مادە دەكرێتەوە، یەكێكیان ئەوەیە پارێزگار جگە لەناو ئەنجوومەن ھەڵدەبژێردرێت لە دەرەوەی ئەنجوومەنیش ھەڵبژێردرێت بەزۆرینەی رەھای دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەن، ئەم خاڵە جیاوازە لەگەڵ یاسای پێشتر كە پارێزگار تەنھا لەناو ئەنجوومەن ھەڵدەبژێردرا، ھەروەھا مادەیەكی دیكە كە گفتوگۆی لەسەر دەكرێت ماوەی یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاكانە، ئەمەش بۆ ئەوەیە كە ئێستا ئەنجوومەنەكان كەوتوونەتە بۆشایی یاساییەوە و ماوەی كاركردنیان بەسەرچووە، ئەو ماوەیە درێژ دەكرێتەوە تا ھەڵبژاردن ئەنجامدەدرێت".

گوتیشی: "ئێمە پێمان باشە ماوەیەك دیار بكرێت بۆ ئەوەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان ئەنجامبدرێت، نەك ئەوە بە كراوەی بمێنێتەوە، چونكە خەڵك بۆ ماوەی چوار ساڵ دەنگی بەوان داوە".

سەرچنار ئەحمەد، راشیگەیاند: "ئەگەر ئەمڕۆ خوێندنەوەی دووەم بۆ ئەو یاسای ئەنجوومەنی تەواو بێت، پەرلەمان دەتوانێت سبەی دەنگ لەسەر یاساكە بدات و بچێتە واری جێبەجێكردنەوە".

ھ.م