ناوچەیەکی دیكهی گەشتیاری لە دوکان دروست دەکرێت
K24 – رانیه:
بەڕێوبەرایەتی گەشتوگوزاری دوکان هەوڵ دەدات ناوچەی بێڵ ماوسی بەنداوی دوکان بکاتە ناوچەیەکی گەشتیاری سەرنجڕاکێش.
قائیمقامیەتی قەزای دوکان رایگهیاند، حکوومەت نزیکەی 300 ملیۆن دیناری بۆ کۆنکرێت و سیاج کردنی رێگای گەیشتن بە بێڵ ماوسی دوكان تەرخان کردووە و ههوڵدهدهن ئەو ناوچەیە ببێتە ناوچەیەکی دیكهی گەشتیاری له سنوورهكه.
روونیشیكردهوه، بەم نزیکانە پڕۆژەکە جێبەجێ دەکەن و کورسی دانیشتن و شوێنی گونجاو بۆ ناشتنی نەمام و کۆمەڵێک یاری وەرزشی لێ جێگیر دەکەن تا گەشتیاران بتوانن سودی لێ وەبگرن.
ناوچەی بێڵ ماوس لەگەڵ پڕبوونی بەنداوی دوکان و ژێرئاوکەوتنی ناوچە گەشتیارییەکانی دوکان، ئەم ساڵ سەرنجڕاکێشترین ناوچەی گەشتیاری دوکان بوو کە رۆژانە هەزاران کەس روویان لێ دەکرد، بەڵام گرفتی رێگاو خزمەتگوزاری هەبوو.