گۆڕان داوای كۆبوونه‌وه‌ی سێ قۆڵی ده‌كات

پارتی: ھەركارێك لە بەرژەوەندیی كوردستان بێت ئەوە دەكەین
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

بزووتنەوەی گۆڕان داوا دەکات، ھەرسێ لایەنی سەرەکی پێکھێنەری حکوومەت پێکەوە دابنینشن و بۆ پشتگیری لە کارەکانی حکوومەتی داھاتوو، کۆ ببنەوە. یەکێتیش پێشوازیی لەو پێشنیازە دەکات و دەڵێن، پێش گۆڕان ئەوانیش داوای کۆبوونەوەی سێ قۆڵیان کردووە. پارتیش دەڵێت، ھەر کارێک لە بەرژەوەندیی کوردستان بێت، پێشوازیی لێ دەکەن.

پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان تەنیا ھەنگاوێكی ماوە، ئەویش متمانە پێدانیەتی لە لایەن پەرلەمانەوە، بەڵام کاری لایەنە سەرەکییەکانی پێکھێنانی حکوومەت کۆتایی نەھاتووە و بە پێویست دەزانرێت پشتگیریی لە كابینەی نوێ بكەن، لەسەر ئەو بنەمایە بزووتنەوەی گۆڕان داوای کۆبوونەوەی سێ قۆڵیی دەکات و ھەڵسوراوێکی ئەو بزووتنەوەیەش دەڵێت "بۆ ئەوەی ئاستەنگ بۆ کارەکانی كابینەی نوێی حكوومەت دروست نەبێت، پێویستە گۆڕان و یەکێتی و پارتی کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی بکەن".

بەھرۆز عەلی، ھەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان بە كوردستان24ی گوت: "كۆبوونەوەی ھەرسێ لایەن پێویستە، چونكە نەك ھەر رێككەوتن، بەڵكوو گرنگە پەیماننامەی شەرەف لەنێوانیان ھەبێت، بۆ ئەوەی كێشەكان چارەسەر بكەن و ھیچیان ئاستەنگ دروست نەكەن".

پەیوەست بەو بابەتە، بێستوون سابووراوایی، لێپرسراوی بۆردی پێگەیاندنی کادرانی یەکێتی دەڵێ: "یەكێتی پێشتر ئەو پێشنیازەی كردبوو، كە ھەرسێ لایەن پێكەوە دابنیشن، بۆیە پێویستە لە كۆبوونەوەی سێ قۆڵیدا قسە لەسەر ھەموو پرسەكان بكەن".

ئاشكرایشی دەكات: "سەركردایەتیی پارتی پێی باشە كۆبوونەوەی نێوان لایەنەكان ئەنجام بدرێت، كە ببێتە ھێزێكی باش بۆ پشتیوانیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان".

ھەموو لایەنەکان لەسەر ئەوە كۆكن کە حکوومەتی داھاتوو، ئەرکی زۆر و کاری گرانی لە بەردەم دایە، بۆیە بە پێویست دەزانرێت سەرجەم ھاووڵاتیان و لایەنە سیاسییەکان بە تەواوی توانایانەوە پشتگیریی لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بکەن و ھەمووان پێکەوە کار بۆ سەرخستنی كابینەی نوێ بكەن.

ھ.م