سبەی پەرلەمان دەنگ بە كابینەی نوێ دەدات

سیڤیی كاندیدەكانی كابینەی نوێ گەیشتە دەست پەرلەمانتاران

K24 - ھەولێر

سبەی چوارشەممە 10/7/2019 پەرلەمانی كوردستان كۆ دەبێتەوە و دەنگ بە پێكھاتەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەدات، هاوكات مەسرور بارزانی وەك سەرۆك وەزیرانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و جێگرەكەی و وەزیرەكان سوێندی یاسایی دەخۆن.

ھۆشمەند سادق، پەیامنێری كوردستان24 لە تەلاری پەرلەمانی كوردستان راگەیاند: "پەرلەمان ئامادەكارییەكانی بۆ كۆبوونەوە و دەنگدان بە كابینەی نوێ و رێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆك وەزیران و جێگر و وەزیرەكان تەواو كردووە".

گوتیشی: "ئەمڕۆ سیڤیی كاندیدەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەت گەیشتووەتە دەست پەرلەمانتاران، بەپێی بەرنامەی كاریش، كاتژمێر 11ی سبەی رۆژی چوارشەممە، كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان بۆ دەنگدان بە كابینەی نوێ دەست پێ دەكات".

سەعید ھەركی، پەرلەمانتاری كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی بە كوردستان24ی راگەیاند: "دەنگدان بە كابینەی نۆیەم بە شێوەی ئاشكرا دەبێت و ھەموو لایەنە سیاسییەكان پابەندن بەو رێككەوتنەی لەنێوانیاندا كراوە".

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش كرد: "راستە پێكھێنانی كابینەی نوێ دواكەوتووە، بەڵام ئومێدی زۆر بە كابینەی نۆیەم ھەیە، كە دەبێتە كابینەی خزمەتگوزاریی و چاكسازیی".

لەبارەی رێژەی دەنگدان بۆ متمانەدان بە پێكھاتەی كابینەی نوێ، سەعید ھەركی روونی كردەوە: "ھەر كاندیدێك لە كۆی 111 دەنگ دەبێ 56 دەنگی پێ بدرێت".

دوێنێ 8/7/2019 مەسرور بارزانی، راسپێردراوی پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لیستی پێکهاتەی کابینە پێشنیارکراوەکەی رەوانەی پەرلەمانی کوردستان کرد.

 کۆی پێکهاتەی کابینەی پێشنیارکراو بۆ كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان

1- مەسرور مەسعود مستەفا بارزانی - سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

2- قوباد جەلال حسامەدین تاڵەبانی - جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

3-  فەرسەت ئەحمەد عەبدوڵڵا - وەزیری داد

4- شۆڕش اسماعیل عەبدوڵڵا - وەزیری کاروباری پێشمەرگە

5- رێبەر ئەحمەد خالید - وەزیری ناوخۆ

6- ئاوات جەناب نوری ساڵح - وەزیری دارایی و ئابووری

7- د. سامان حوسێن محەمەد بەرزنجی - وەزیری تەندروستی

8-  ئالان حەمە سەعید ساڵح محەمەد - وەزیری پەروەردە

9- دانا عەبدولکەریم حەمە ساڵح عەبدولرەحمان - وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن

10- ساسان عوسمان عەونی حەبیب - وەزیری شارەوانی و گەشت وگوزار

11- د. ئارام محەمەد قادر ئەمین - وەزیری خوێندی باڵا و توێژینەوەی زانستی

12- د. دارا رەشید مەحمود - وەزیری پلاندانان

13- کوێستان محەمەد عەبدوڵڵا مەعروف - وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی

14- محەمەد سەعید عەلی - وەزیری رۆشنبیری و لاوان

15- عەبدوڵڵا مەحمود محەمەد سان ئەحمەد -  وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوان

16- بێگەرد دڵشاد شوکرڵڵا. - وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو

17- کەمال موسلیم سەعید قەرەنی - وەزیری بازرگانی و پیشەسازی

18- ئانو جەوهەر عەبدولمەسیح عەبدوکا - وەزیری گواستنەوە و گەیاندن

19- پشتیوان سادق عەبدوڵڵا - وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی

20- کەمال محەمەد ساڵح خەلیل - وەزیری کارەبا

21-  خالید سەلام سەعید - وەزیری هەرێم

22- ئایدن مەعروف سەلیم - وەزیری هەرێم

23- ڤاڵا فەرید ئیبراھیم - وەزیری هەرێم

 

ھ.م