"خۆپێشاندانی عەرەبەكانی كەركووك پەیامێكی گەورەیە بۆ سەركردایەتی سیاسی كورد"

دەبێ دۆخی ناوچە كوردستانییەكان چارەسەر بكرێت
kurdistan24.net

K24 - كەركووك

خۆپێشاندانی عەرەبەكانی كەركووك دژی دانانی پارێزگارێكی كورد كاردانەوەی لێدەكەوێتەوە و بەرپرسێكی یەكێتی رایدەگەیەنێت، ئەو خۆپێشاندانە پەیامێكی گەورەیە بۆ سەركردایەتی سیاسی كورد.

عەلی قەڵایی، كارگێڕی مەڵبەندی 2ی یەكێتی لە كەركووك بە كوردستان24ی راگەیاند: "خۆپێشاندانی دوێنێی بەشێك لە عەرەبەكانی كەركووك پەیامێكی گەورەبوو بۆ سەركردایەتی سیاسی كورد، بەتایبەتی پارتی و یەكێتی كە كاریگەری بەھێزیان ھەیە لە كوردستان، ئەو پەیامە ئەوەمان پێدەڵێ كە دەبێ ئەو دوو ھێزە پێكەوەبن بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكان".

گوتیشی: "ئێستا لە سەرەتایی پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان داین و لەم كابینەیە وەزیرێك بۆ پەیوەمدییەكانی ھەرێمی كوردستان و بەغدا دیاركراوە و خەڵكی كەركووك، دۆخی ناوچە كوردستانییەكان لە مەترسی دایە و پێویستە لەم كابینە ھەموو ھەوڵێك بدرێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی كەركووك و ھەموو ناوچە كوردستانییەكان".

عەلی قەڵایی، راشیگەیاند: "دیاركردنی كەسێك بۆ پۆستی پارێزگاری كەركووك لەلایەن پارتی و یەكێتی جێگەی دڵخۆشی خەڵكی كەركووكە و دەبێ ھەنگاوەكانی دواتر بۆ چارەسەری ئەم دۆخە مەترسیدارەبێت كە ئێستا لە كەركووك لە ئارادایە".

ئاماژەی بەوەشدا: "ماوەیەكە بە ئاگاداری حكوومەتی عێراق و سەرۆكایەتی كۆمار گفتوگۆی پارتی و یەكێتی لەگەڵ لایەنەكانی دیكە لەبارەی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك دەستیپێكردووە، گفتوگۆكان لەسەر دوو مەلەفە، مەلەفی ئەمنی و ئیداری، بەگوێرەی زانیارییەكان دانوستانەكان پێشوەچوونی باشیان بەخۆیانەوە بینیووە، بەڵام نوێنەری ھەندێك لە پێكھاتەكانی كەركووك رایانوایە باسی ئەنجامی كۆبوونەوەكان نەكرێت تا دەگاتە قۆناخی كۆتایی".

ئەو بەرپرسەی یەكێتی گوتی: "خۆپیشاندانی عەرەبەكانی كەركووك زیاتر موزایەدەی سیاسییە، ھەروەھا دیوێكی دیكەی پەیوەستە بەو باگراوەند و ئەقڵیەتی شۆڤێنییە عەرەبەكانەوە ھەیە، ئەو جۆرە كەسانەی لە ئیدارەی ئێستای كەركووكن درێژكراوەی پاشماوەكانی بەعسە لە كەركووك".

سەبارەت بە دانانی پارێزگاری نوێی كەركووك و رێككەوتن لەگەڵ لایەنە عەرەبەكان عەلی قەڵایی، رایگەیاند: "ھەنگاوەكان سەقفی زەمەنیان بۆ دانراوە، سەرەتا لەگەڵ لایەنەكان بگەینە ئەنجام كە پێویستە، چونكە ئەم شارە بە تەنیا بە پێكھاتەیەك بەڕێوەناچێت، بەڵام ئەگەر ھەر ئەوە نەكرا لیستی برایەتی پەنا بۆ زۆرینە دەبات و دەتوانێ پارێزگار دابنێ".

ئەوەشی خستەڕوو: "ھەموو ئەندامانی لیستی برایەتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك پابەندن بە دەنگدان بە تەیب جەبار بۆ پارێزگاری كەركووك".

دوای ئەوەی رۆژی پێنجشەممە 11/7/2019 پارتی و یەكێتی ناوی تەیب جەبار-یان بۆ پۆستی پارێزگاری كەركووك ئاشكرا كرد، دوێنێ ژمارەیەك لە عەرەبە ھاوردەكانی كەركووك خۆپیشاندانیان دژی ئەو ھەنگاوە كرد و دەیانەوێت پارێزگارێكی عەرەب ھەڵبژێردرێت.

ھ.م