ھەواڵی كۆچی دوایی ئیسماعیل خورماڵی رەتدەكرێتەوە

تەندروستی ئیسماعیل خورماڵی باشە

K24 - ھەڵەبجە

بنەماڵەی ئیسماعیل خورماڵی شاعیر دەنگۆی كۆچی دوایی ئیسماعیل خورماڵی رەتدەكەنەوە و رایدەگەیەنن كە باری تەندروستی زۆرباشە و ئەو ھەواڵەی بڵاوبووەتەوە دوورە لە راستیەوە.

سەیوان عوسمان، برازای ئیسماعیل خورماڵی بە كوردستان24ی راگەیاند: "لە چەند كەناڵێك و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ھەواڵی كۆچی دوایی مامم بڵاوكراوەتەوە، بەڵام ئەوە دوورە لە راستییەوە و ئەمڕۆ پەیوەندیمان پێوە كردووە و تەندروستی زۆر باشە".

ئاماژەی بەوەشكرد: "ئیسماعیل خورماڵی ئێستا لە سلێمانییە و ئەمڕۆ قسەمان لەگەڵ كردووە".

سەبا ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكانی بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری و ھونەری ھەڵەبجە بە كوردستان24ی گوت: "لە ھەندێك شوێن بڵاوكراوەتەوە كە ئیبراھیم برای ئیسماعیل خورماڵی كۆچی دوایی كردووە، بەڵام ئەو ھەواڵەش راست نییە".

ئیسماعیل خورماڵی یەكێكە لە شاعیرە دیارەكانی كورد، خاوەنی چەندین بەرھەمی شیعرییە و شیعرەكانی لەلایەن ژمارەیەك لە گۆرانیبێژانەوە كراون بە گۆرانی.

ھ.م