یهكێتی داوای پۆستی پارێزگاری سلێمانی له گۆڕان دهكات
K24 – سلێمانی:
یەکێتی نیشتیمانی کوردستان گۆڕانکاری کردن لە پۆستەکانی حکومەتی خۆجێی سلێمانی بە پێویست دەزانێت و پێی وایە ماوەی کارکردنی پارێزگاری سلێمانی کۆتایی ھاتووە و دەبێت بە رێکكەوتن لەگەڵ گۆڕان ئەو پرسە یەکلا بکەنەوە، ھەردوولاش واتە یەکێتی و گۆڕان پۆستی پارێزگاری سلێمانی بە مافی خۆیان دەزانن.
بۆ جارێکیتر پۆستی پارێزگاری سلێمانی لە نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتیمانی دەبێتە باس و خواس لە نێوان ئەو دوولایەنەدا، بەپێی زانیارییەکان یەکێتی ھەوڵەکانی چڕ کردووهتەوە و داوای ئەو پۆستە دەکاتەوە، بزوتنەوەی گۆڕانیش سوورە لەسەر ئەوەی پارێزگاری سلێمانی کە لە پشکی ئەوانە لە پۆستەکەی بەردەوام بێت.
سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی رێبوار ئهحمهد، رایگهیاند، ئەوان لەبەر خاتری ئارامی سلێمانی سەرەتا رازی بوون دوو ساڵ پۆستی پارێزگار لای یەکێتی بێت، چونکە بە پێی بەرکەوتەی ھەڵبژاردن دەبێت پۆستی پارێزگاری سلێمانی تاھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لای گۆڕان بێت، بە وتەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ھەڤاڵ ئەبوبەکر دووساڵەکەی خۆی تەواو نەکردووە.
پێچەوانەی ھەڵوێستی گۆڕان یەکێتی پێی وایە بەپێی رێکەوتنەکەیان پارێزگارەکەی گۆڕان وادەکەی تەواو بووە دەبێت کەسێکی سەر بە یەکێتی نیشتیمانی ئەو پۆستە بەڕێوە بەرێت.
ئهحمهد نهمهڵی، ئەندامی دەزگای ھەڵبژاردنی یەکێتی رایگهیاند، حزبەکەیان مافی خۆیەتی پۆستی پارێزگار وەربگرێتەوە، بۆ ئەوەش دەکرێت بە رێکكەوتنێکی نوێ لەگەڵ گۆڕاندا ئەو پۆستە ئاڵوگۆڕ بکەن.
دوای ھەڵبژاردنی ئهنجوومهنی پارێزگاكان له ساڵی 2014 و له مانگی نۆڤێمبهری ھەمان ساڵ بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتیمانی رێکكەوتنێکیان واژوو کرد ،بۆ ئەوەی دوو ساڵ بە دوو ساڵ پۆستی پارێزگاری سلێمانی لە ناو خۆیاندا دابەش بکەن، کە ئەوکات یەکێتی نیشتیمانی دووساڵی سەرەتای وەرگرت و پاش ئەوە ھەڤاڵ ئەبوبەکر لە پشکی گۆڕان پۆستەکەی وەرگرت، پەرلەمانی کوردستانیش ھەمواری یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستانی کردهوە و بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران پێشنیازی ھەمواری یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکان پەسەندکرا.