ژنە "بەعسی"یەكەی كەركووك دەستگیر دەكرێت

لەناو خۆپێشاندان دەڵێ "بەعسین و سەدامین"
kurdistan24.net

K24 - كەركووك

بەگوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24، فەرمانی دەستگیركردن بۆ ئەو ژنە دەرچووە كە لە خۆپێشاندانی ژمارەیەك لە عەرەبەكانی كەركووك گوتی "بەعسین و سەدامین".

سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی کەرکووك، بە کوردستان24ی راگەیاند: "لەژێر فشاری هێز و لایەنەکانی بەغدا راکان جبوری پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووک، فەرمانی دەستگیركردن بۆ  (رەنا حەمید)، دەردەکات، ئەو ژنەی لە خۆپێشاندانی عەرەبەکانی کەرکووک لە رۆژی هەینی گوتی"ئێمە بەعسین و سەدامین".

سەرچاوەكەی پۆلیسی كەركووك گوتیشی: "هێزێکی سەر بە لیوای 61ی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، کە ئەرکیان پاراستنی کەرکوکە، چوونەتە سەر ماڵی ئەو ژنە چالاکوانە، بەڵام لەماڵ نەبووەو هەڵاهاتووە".

رۆژی ھەینی رابردوو 12/7/2019 ژمارەیەك عەرەبی شۆڤێنێ كەركووك دژی دیاركردنی پارێزگاری كورد لەلایەن پارتی و یەكێتی خۆپێشاندانیان ئەنجامدا، بەشێك لە درووشمەكان دژی دەسەڵاتی كوردستان و عێراق و لە بەرژەوەندی حزبی بەعسی لەناوچووی عێراق لە خۆپێشاندانەكە گوترانەوە.

ھ.م