پارتە كوردستانییەكان لە كەركووك داوای یەك لیستی دەكەن

ئەمڕۆ لە كەركووك كۆدەبنەوە
kurdistan24.net

K24 - كەركووك

بە مەبەستی یەك لیستی لە ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجوومەنی پارێزگاكان و ئامادەكاری بۆ گفتوگۆ لەسەر پۆستە ئیدارییەكانی شارەكە لەگەڵ عەرەب و توركمانەكان، ئەمڕۆ لایەنە كوردستانییەكان لە كەركووك كۆدەبنەوە.

سۆران كامەران، پەیامنێری كوردستان24 لە كەركووك رایگەیاند: "كۆبوونەوەی پارتە كوردستانییەكان لە مەڵبەندی 2ی كەركووكی یەكێتی بەڕێوەدەچێت و جگە لە پارتی دیموكراتی كوردستان كە لە دوای 16 ئۆكتۆبەرەوە بایكۆتی ئیدارەی كەركووكی كردووە، سەرجەم پارتەكانی دیكەی كوردی بەشداری كۆبوونەوەكە دەكەن، لەو كۆبوونەوەیە داوا دەكرێت لایەنە كوردستانییەكان داوای یەك لیستی دەكەن بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان كە بڕیارە لە مانگی نیسانی ساڵی داھاتوو ئەنجامبدرێت، ھێزە كوردییەكان دەیانەوێت بە یەك لیستی یان دوو لیستی زۆرینەی كورسییەكانی ئەنجوومەنی پارێزگا بە دەست بێنێت".

گوتیشی: "ھەر لەو كۆبوونەوە یەكێتی نیشتمانی كوردستان، دەیەوێت پێش گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنە عەرەب و توركمانەكان، كۆدەنگی لەناو لایەنە كوردییەكان بۆ پشتیوانی لە تەیب جەبار كاندیدی لیستی برایەتی بۆ پارێزگاری كەركووك دروست بكات".

بەپێی زانیارییەكانی پەیامنێرمان: "بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا لیستی برایەتی لەسەر پۆستی پارێزگار و كاندیدی نوێ بۆ ئەو پۆستە و پۆسەت ئیدارییەكانی دیكە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە عەرەب و توركمانەكان بكەن".

ھ.م