ئه‌مڕۆ برایه‌تی و زاخۆ له‌سه‌ر گه‌یشتن به‌ خولی نایابی به‌یه‌ك ده‌گه‌ن

چاره‌نووسی یه‌ك بلیتی خولی نایاب له‌ نێوان ئه‌م 3 یانه‌یه‌ یه‌كلایی ده‌بێته‌وه‌

ئەمڕۆ ئێوارە لە دوایین گەڕی قۆناخی کۆمەڵەکان ناسنامەی ئەو یانەیە یەکلا دەبێتەوە کە بلیتێکی بەشداریکردن لە ریزی یانە نایابەکان مسۆگەر دەکات.

ئەمڕۆ ئێوارە کاتژمێر 7:00 لە یاریگای کەرخ لە بەغدا، زاخۆ و برایەتی رووبەڕوو دەبنەوە، زاخۆ بە کۆکردنەوەی 9 خاڵ بە جیاوازیی گۆڵ لەگەڵ سناعه‌ لە پلەی یەکەمی کۆمەڵەی دووەم دێت، برایەتیش بە 8 خاڵ لە پلەی سێیەم دێت.

زاخۆ بە بردنەوەی لەم یارییە بەفەرمی گەڕانەوەی بۆ ریزی یانە نایابەکان مسۆگەر دەکات، بەڵام برایەتی پێویستی بەوەیە لە زاخۆ بباتەوە و چاوەڕێی دۆڕانی سناعەش بکات، کە لە هەمان کاتدا بەرامبەر کوفە یاریی دەکات کە ئەو یانەیە هیچ هیوایەکی نەماوە.

زاخۆ بە جیاوازیی دوو گۆڵ لەپێشەوەی سناعەیە، ئەگەر سناعە بە ئەنجامێکی گەورە لە کوفە بباتەوە، مەترسی دەکەوێتە سەر چانسی زاخۆ بۆ سەرکەوتن بۆ ریزی یانە نایابەکان، پەیجی کوردستان٢٤ سپۆرت راستەوخۆ یارییە لوتکەکەی زاخۆ و برایەتی لە بەغداوە دەگوازێتەوە.