دوكانه‌ كولتوورییه‌كانی هه‌ورامان سه‌رنجی گه‌شتیاران رادەكێشن

كەلوپەلی دێرین و خواردنی كوردەواری لە دوكانەكان نمایش دەكرێت
kurdistan24.net

K24 - ھەڵەبجە

دوکانە کولتوورییەکانی هەورامان بوونەتە جێگای سەرنجی گەشتیاران. دوکانانەكان سەرجەم ئەو کەلوپەلانەی کە سەردەمانێك بۆ جوانکاری ماڵ و ئافرەتان بەكاردەھاتن، بە دیزاینی نوێ دروست کراون، جگە لەمانەش سەرجەم خواردنە کوردەوارییەکانی ناوچەی هەورامانی لێیە، وەک کەشک و رۆنی کەرێ و تووی وشک و هەڵوژە و مێووژ و زۆرێک خواردنی دیکەی جۆراوجۆر.

زۆربەی رۆژانی ھەفتە ناوچەی هەورامان جمەی دێ لە گەشتیاران، بە تایبەتی ئەو دوکانانە کە تایبەتن بە فرۆشتنی کەلوپەلی کو‌لتووری و خواردنی میللی تایبه‌ت به‌ ناوچەکە.

عەبدوڵڵا ئەحمەد، لەگەڵ خانەوادەکەی بە مەبەستی گەشتکردن سەردانی هەورامانی كردووە و بینینی دوکانی فرۆشتنی كەلوپەلی كولتووری سەرنجی راکێشاوه‌، بەم‌ کەلوپەلانە دڵخۆشە و دەڵێت "دروستکردن و فرۆشتنی ئەم کەلوپەلانە به‌شێكه‌ له‌ پاراستنی کولتووری نەتەوەکەمانە و ناساندنیەتی بەنەوەی نوێ".

ئەگەرچی زۆربەی ئەو کەلوپەلانە لە ناوچەی هەورامانی تەختەوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان دروست دەکرێن، بەڵام وەک ئەمجەدی دوکاندار دەڵێ "گەشتیارێکی زۆر سەردانیان دەکەن و بە تامەزرۆییەوە خواردنەکان تاقی دەکەنەوە و کەلوپەلەکانیش ده‌كڕن و بۆ یادگاری لەگەڵ خۆیان دەیبەنەوە".

ھ.م