نرخی نەوتی عێراق دەگاتە نزیكەی 70 دۆلار

داوا دەكرێت عێراق بە پارەی زیادەی نەوت كورتھێنانی بودجە پڕبكاتەوە
kurdistan24.net

K24 - بەغدا

دوای شەش ساڵ جارێکی دیكە نرخی نەوت لە عێراق بەرز دەبێتەوە و دەگاتە نزیکەی 70 دۆلار، ئەندامێکی لیژنەی نەوت و وزەی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت، بەھۆی گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێرانەوەیە كە نرخی نەوت بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، پێویستە عێراق ئەو پارەیە بخاتە بەر کورتھێنانەکەی کە نزیکەی 24 ترلیۆن دینارە یان قەرزەکانی سەر عێراقی پێبدرێتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە بەپێی یاسای بوودجە دەبێت بڕی ئەو پارە زیادەی نرخی نەوت ھاوشێوەی بودجەی گشتی دابەشبکرێتەوە.

گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران ئەو قازانجەی بە عێراق گەیاندووە، کە نرخی نەوتی بۆ یەکەم جار لە دوای ساڵی 2013 گەیاندوەتە نزیکەی 70 دۆلار، ئەمەش توانا داراییەکانی عێراق بەھێز دەکات، چونکە بودجەی ساڵی 2019 لەسەر بنەمای 56 دۆلار بۆ ھەر بەرمیلێک خەمڵێندراوە، بۆیە بڕی پارەی زیادکراوی نەوت خراوەتە نێو خەزێنە و بەپێی یاسای بودجە ھاوشێوەی بودجەی گشتی دەبێت دابەشدەکرێتەوە یان سوودی لێ وەردەگیرێت بۆ کۆمەڵێک گرفت وەک حاڵەتەکانی فریاکەوتن و نۆژەکردنەوەی ناوچە رزگارکراوەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش.

بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2019 بە 105 ترلیۆن دینار خەمڵندراوە و 24 ترلیۆن دیناریش کورتھێنانی ھەیە، بۆیە ئەگەری زۆری ھەیە پارەی زیادەی نرخی نەوتی شەش مانگ، کورت ھێنانەکەی پێ پڕبکرێتەوە، یان گوشارێک دروست بووە بۆ دانەوەی ئەو قەرزانەی کە لە سەر عێراقە.

سادق سڵێتی، ئەندامی لیژنەی نەوت و وزە لە ئەنجوومەنی نوێنەران بە كوردستان24ی گوت: "خۆی بودجەی عێراق لە کورتھێناندا بڕیاری لەسەر دراوە، کورتھێنانەکە دەگاتە 24 ترلیۆن دینار، بۆ پڕکردنەوەی ئەمەش ئێمە چاومان لە داھاتی زیادە و بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە، ئێستاش کە نرخی نەوت بەرزبووەتەوە و بە بەردەوام 60 بۆ 61 دۆلارە ئەمە شتێکی باشە و دەبێت رێژەی نەوتی پێ کۆنترۆڵ بکرێت، بەڵام رێکخراوی ئۆپێک کە پشکی نەوتی دیاری کردووە ئاگادارکردنەوەی خراپی بە عێراق داوە، لەوەی کە ھەناردەی نەوت زیاتر لەو رێژەی بۆی دیاریکراوە، كە خۆی 3 ملیۆن و 880 بەرمیلە".

گەر چی لە ساڵەکانی 2014 تا 2018 عێراق بە قەیرانێکی ئابووری سەخت تێپەڕی بەھۆی سەرھەڵدانی شەڕی داعش و خستە گەڕی توانا داراییەکانی بۆ جەنگی لە ناوبردی ئەو گرووپە، بەڵام جارێکی دیكە ئاسۆی باشبوونی رەوشی دارایی بە دیدەکرێت لە ساڵی 2019 بەھۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و دوورکەوتنەوە لە شەڕی تیرۆر.

ھ.م